ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە دانیشتنێکدا داوایان لە ئێران کرد کە کۆتایی بە چالاکییەکانی لەبواری بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک بهێنێ.
ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکدا لە بروکسێل، سەرەڕای مەحکوومکردنی پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە میلیشیاکان لە ناوچەکەدا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ کۆتایی بە چالاکییەکانی لەبواری بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک بهێنێ.
هەروەها ڕێبەرانی ناتۆ لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە ڕووسیە دەبێ کۆتایی بە سەرەڕۆییەکانی بهێنێ و پێبەندبێ یاسا نێونەتەوەییەکان.
رێبەرانی ناتۆ لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی خۆیاندا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا دەبێ بە هاوبەشی ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە.