کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی دەرچوونی ژمارە ٨٠٠ی “کوردستان”، زمانحاڵی حیزبی دێموکرات سمینارێکی لە دوو پانێلدا بەڕێوە برد. لەم سمینارەدا کە پێشنیوەڕۆی دووشەممە، ٢٤ی جۆزەردان بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی قەڵەم لە سەنگەری خەباتی شوناسخوازیی کورد دەستی پێ کرد، کۆمەڵە باس و بابەتێک لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان” پێشکێش کران.
دەسپێکی سمینارەکە ڤیدیۆیەک بوو لەسەر ڕەوتی مێژوویی وەشانی زمانحاڵی حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی، “کوردستان”، ئاوێنە و هاوچارەنووسی خەباتی نەتەوەیەک، لە نووسینی عەلی بداغی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “کوردستان”.
دواتر لە پانێلی یەکەمدا کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەسەر جێگەی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێشکێش کرد. باسێکی دیکەی ئەم پانێلە بریتی بوو لە “کوردستان وەک ئاوێنەی مێژوویەک، کە لەلایەن قادر وریا، سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی “کوردستان”ەوە پێشکێش کرا. هەر لەو پانێلەدا ناسر باباخانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس کە بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەشداری سمینارەکە بوو، باسێکی هەبوو لەژێر ناوی “کوردستان”، ڕۆژنامەیەک بۆ هەموو وەرزەکان.
لە پانێلی دووهەمی سمینارەکەدا سەرەتا مستەفا شێخە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس باسێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی “کوردستان”، ئەستۆندەگێکی قایمی ژێر ڕەشماڵی زمانی کوردی. دواتر ئەییوب شەهابیڕاد، گرافیست و دیزاینەر باسێکی هەبوو لەژێر ناوی زمانی وێنەی ڕۆژنامەی “کوردستان”.
دوا بەشی ئەم سمینارە تریبوونی ئازاد بۆ بەشداریی ئامادەبووانی کۆڕەکە بوو.
باسەکانی ئەم سمینارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە تایبەتنامەی “کوردستان” بەبۆنەی ژمارەی ٨٠٠ و هەروەها لە ماڵپەڕی “کوردستان و کورد”دا بڵاو دەبنەوە.