سەیزادە حەلیم نووری، دایکی شەهیدان” مستەفا و مام بایز مامبایزیدی” بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە” سەیزادە حەلیم نووری” دایکی شەهیدان مستەفا مامبایزیدی و مام بایز مامبایزیدی، لە تەمەنی ٧٦ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە سەیزادە ژنێکی نیشتمانپەروەرو حیزب خۆشەویست بوو و بەهۆی خۆشەویستیی بۆ گەل ونیشتمانەکەی دوو جگەرگۆشەی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە و هەردەم ئاواتی سەرکەوتنی حیزب وپێشمەرگه بووە و تا دوایین ساتەکانی ژیانی دڵە گەورەکەی بۆ ئازادی کوردستان لێی دەدا و لەسەر داوای خۆی لەنێوان گۆری پیرۆزی دوو ڕۆڵە جوانەمەرگ وشەهیدەکانیدا بە خاک سپێردرا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە” سەیزادە حەلیم نووری” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان لە ناوچەی شنۆ دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.