لە شارەکانی کوردستان و ئێران ستادەکانی بەناو بەربژێرەکانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، لەلایەن خەڵکەوە بایکۆت کراون و کەس ڕوویان تێ ناکا.
کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان، بە هاوکاریی بەکرێگیراوێکی خۆی لە شەقامە جیاوازەکان ستادی پڕوپاگاندەی بۆ “ئیبراهیم ڕەئیسی” داناوە و هیچ کەس سەردانی ئەو بنکانە ناکا و بەگشتی لە شار و گوندەکانی کوردستان و ئێران لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شۆرای شار و گوندەکان، تەیا بەکرێگیراوان و مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە پڕوپاگەندە کردووە.
ئیبراهیم ڕەئیسی، یەكێک لە مۆرە نزیكەكانی ”عەلی خامنەیی” ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و خامنەیی چەندین جار لە پۆستە هەستیارەکاندا دایناوە؛ نابراو لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا یەکێک لە ئەندامانی “هەیئەتی مەرگ” بووە و بڕیاری کوشتنی هەزاران کەسی داوه، کۆماری ئیسلامی ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٣ـەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی خۆی لە حاڵێکدا بەڕێوە دەبات کە لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەوڕووە و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێرانیش بە تێکڕا، ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە و بەپێی ڕاپرسییەکان کەمتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەکەن.