سەرۆککۆماری ئەمریکا، دوای ئەوەی “نەفتالی بێنێت” سەرۆکایەتی کابینەی هاوپەیمانیەتی ئیسرائیلی وەئەستۆ گرت، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لێکرد و لەسەر بابەتی ئەمنییەتی، بەتایبەت ڕێژیمی ئێران وتووێژی لەگەڵ کرد.
جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێش پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پیرۆزبایی لە “نەفتالی بێنێت” وەکوو سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە، چاوەڕێی هاوکارییە لەگەڵ “بێنێت” بە مەبەستی بەهێزکردنی هەموو پێوەندییەکان، نزیکتربوونەوە و بەردەوامیی هاوکارییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئەمریکا.
لەو بەیاننامەیەدا جۆ بایدێن وتی: ئەمریکا هەروا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئەمریکا بەتەواوی لەسەر بەڵێنەکانی خۆی سوورە بۆ هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ بەرەوپیش بردنی سەقامگیری و ئاسایشی ئیسرائیل و ناوچەکە بە گشتی و پیویستە بە هاوکاریی هەردوو وڵات، ناوچەکە لە کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆر و تۆقاندی میلیشیا تێرۆریستییەکان بپارێزین.
پاش بڵاو کردنەوەی بەیاننامەکەی بایدێن، کۆشکی سپیش لە بەیاننامەیەکدا پێوەندی تەلەفۆنی جۆ بایدێنی لەگەڵ نەفتالی بێنت پشتڕاست کردەوە، بەپێی ئەو بەیاننامەیە، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتوون کە خۆیان و تیمەکانیان لەبارەی بابەتی پێوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەکە و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیکەوە چاوپێکەوتن و وتووێژ بکەن، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیلیش لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سپاسی پیرۆزباییەکەی بایدێنی کرد و وتی: بەخۆشحاڵییەوە چاوەڕێی هاوکاری لەگەڵ ئێوەم بۆ بەهێزکردنی پێوەندی هەردوو وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە کردەوەی تێرۆریستی و دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.