وەزیری پێشووی ئیتلاعات: ساڵی ٩٢ هاشمی ڕەفسەنجانی دەبوو بە براوەی هەڵبژاردنەکان، من لە ڕاپۆرتێکدا داوام لە شۆرای نیگابان کرد بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ڕەتی بکەنەوە
حەیدەر موسلێحی، وەزیری پێشووی ئیتلاعات لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: ساڵی ٩٢ بەهۆی ئەوەی کە دەمانزانی هاشمی ڕەفسەنجانی دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکان، ڕاپۆرتێکم بەدژی ناوبراو نووسی بۆ شۆرای نیگابان و داوام کردووە بۆ مانەوەی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لێوەشاوەیی ڕەفسەنجانی ڕەت بکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەیکە هاشمی لە ساڵی ٩٤ی هەتاویدا وتبووی کە لە ڕەتکردنەوەی لێوەشاویی من موسلێحی دەورێکی گرینگی هەبووە، بۆ یەکەمین جار و پاش ئەو هەموو ساڵە موسلێحی دانی بەوەدا ناوە کە ڕاپۆرتێکی لەسەر هاشمی ڕەفسەنجانی داوە بە شۆرای نیگابان.
موسلێحی کە لە دەوڵەتی دووهەمی “ئەحمەدی نەژاد” لە پۆستی وەزارەتی ئیتلاعات وەلانرابوو بە بڕیاری راستەوخۆی خامنەیی وەکوو وەزیری ئیتلاعات مایەوە.
ناوبراو لە وتووێژە تەلەڤیزیۆنییەکەیدا وتی: ساڵی ٩٢ کۆبوونەوەی زۆریان هەبوو لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی ڕەفسەنجانی و بەو ئاکامە گەیشتوون کە ڕەفسەنجانی براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەوێتە مەترسییەوە، لێوەشاوەبوونی ناوبراویان لەلایەن شۆرای نیگابانەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی ڕەتکردبووەوە.