سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا وتی: دەوڵەتی هاوپەیمانیی ئیسرائیل ئیزن نادا ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
پارلمانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکەدا “نەفتالی بێنێت”ی وەکوو سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل هەڵبژارد و بەم شێوەیە کۆتایی بە دەورانی ١٢ساڵەی سەرۆک وەزیرانی نەتانیاهوو هات.
نەفتالی بێنێت، پاش هەڵبژاردنی وەکوو سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیسرائیل لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی خۆیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادا مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دروست بکا وتی: هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان بە تایبەتیی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە پێشکەوتووترین چەکۆچۆڵی جیهان پۆشتە و پەرداختە بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانەی کە دەیانهەوێت دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکەن وگیانی هاووڵاتییانی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە.