مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە درێژەی لە قاودانەکانیدا لەهەمبەر “باندی گەندەڵی ئەمنییەتی” وتی: بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەکانی ئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعات بۆ خۆی سیخوڕی ئیسرائیل بووە.
ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ئەو بەربژێرەی کە لەلایەن شۆرای نیگابانەوە لێوەشاوەیی ولێهاتووی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ڕەت کرایەوە لە وتووێژیکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ” محەممەد ڕەزا تەقەوی فەرد” لەهەمبەر دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەسبەسەرکراوانی بێ تاوان بۆ دانپێدانان بە کوشتنی فەخریزادە وتی: باندی گەندەڵی ئەمنییەتی نەیدەتوانی وەکوو دزینی بەڵگە نهێنییەکانی ناوکیی لە تورقوزئاباد ئەو کوشتنەش بشارێتەوە و دەبوایە کاردانەوەی هەبوایە و بۆیە چەندین کەسی بێ ئاگا و بێتاوانیان هێنا بوو بە زۆری و ئەشکەنجەدان دەیانویست بڵێن کوشتنی فەخریزادە کاری ئێمە بووە.
ئەحمەدی نەژاد لە درێژەی وتووێژەکەدا وتی: هەر ئەوکات کە ئەو بەندکراوە بێتاوانەیان هێناوەتە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن بۆ دانپێدانانی زۆرە ملێ، بە وەزیری ئیتلاعاتم وتووە کە ئەم کارە دورە لە راستیی و خەڵک گاڵتە بە نیزام دەکەن، چۆن دەبێ کوشتنی کەسێک بەو شێوازە سەرکەوتووە تەنیا یەک کەس بیکا؟! ئەمە دوورە لە ڕاستی و دەبێ بڵێن کە ئیسرائیل فەخریزادەی لە نێو دڵی تاراندا کوشتووە.
ناوبراو هەروەها وتی:” باندی گەندەڵی ئەمنییەتی” بۆ پەردەپۆش کردنی دزینی بەڵگە نهێنییەکان لە تورقوزئاباد، سێناریۆیەکیان سازکردووە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە لە دزینی ئەو بەڵگە نهێنییانەدا دەستیان هەبووە.