لە دەسپێکی دەوری شەشەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن، ئێران داوای کردووە کە هەموو ئەو گەمارۆگەلەی کە ترامپ بە سەر ئێرانیدا سەپاندووە لابچێ.
هاوکات لەگەڵ دەسپێکی دەوری شەشەمی وتووێژەناوکییەکانی ویەن، عەباس عێراقچی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ناوکیی ئێران لە ویەن، ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ترامپ لە سەرکار نەماوە بەڵام هەموو گەمارۆکانی بەدژی ئێران لە جێگای خویدا بەردەوامە و دەبێ ئەمریکا هەموو ئەو گەمارۆ نایاساییانەی کە ترامپ بەسەر ئێرانیدا سەپاندوو لابچێ.
لە لایەکی دیکەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوە بە لاچوونی گەمارۆکانی سەر سێ کەسایەتیی ئێرانی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: لابردنی ئەم سێ کەسایەتییە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا هیچ پێوەندییەکی بە وتووێژە ناوکییەکانی وین نییە و ئەمریکا دەبێ هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لاببا.