نێد پرایس، سەرەڕای ئاماژە بە چالاکییە شاراوە ناوکییەکانی ئێران و دەستێوەردانە سەربازییەکانی لە یەمەن وتی: ئەمریکا ئیزن نادا ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بە هەناردنی چەکوچۆڵی ئێرانی بۆ وێنێزوئێلا لە ڕێگەی کەشتیی ” مەکران”وە کە ئێستا لە ئاوەکانی زەریای ئەتڵەس بەرەو دەریای کارائیب دەڕوا وتی: ئێمە بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی ئەو وڵاتانە دەبینەوە کە لەگەڵ ئێراندا بازرگانی چەکوچۆڵ دەکەن و گەمارۆی قورسیان دەخەینە سەر.
هەر لەم پێوەندییەدا، لوید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی خوی لەهەمبەر گواستنەوەی چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ وێنێزۆئێلا دەربڕی و وتی: دەبێ ڕووبەڕووی دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا ببینەوە.
نێد پرایس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە هەموو هێز و توانامان کەڵک وەردەگرین کە پێش بە یارمەتیی ماڵی و سەربازیی ئێران بۆ گرووپە میلیشیاکان بگرین و ئیزن نادەیەن ئێران بە ئاسانی پەرە بە کارە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا بدا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ژمارەیەک گەمارۆی لەسەر ڕێکخراو و کەسایەتییە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لابردووە.