سێناتۆر تۆمی دەڵێ: تەنانەت “ئۆباما”ش ئەو کاتەی کە ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ کرد، گەمارۆکانی سەر ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئێرانی لا نەبرد.
پاش لاچوونی هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران، ” کۆمیتەی بانکیی” مەجلیسی سێنا لە کۆنگرەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، نیگەرانییەکانی خوی لەهەمبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و داوای لە وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا کرد کە لەهەمبەر لاچوونی گەمارۆکان بە فەرمیی ڕوونکردنەوە بدا.
ئەم کۆمیتەیە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا کردووە ڕوونکردنەویەک بدا کە چۆن دەبێ ئەو گەمارۆگەلەی کە پێوەندیی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە هەیە و مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لادەچێ.
پەت تۆمی، سێناتۆری کۆماریخواز، ئەندامی باڵای کۆمیتەی بانکیی سینای ئەمریکا لە نامەیەکیی فەرمییدا بۆ ” جەنێت یێڵن” وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا و ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنانەت سەرۆککۆماری پێشوو” باراک ئۆباما” کاتیک کە ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆ کرد، گەمارۆکانی سەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئێرانی لانەبرد.
تۆمی بە ئاماژە بە دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وتی: ئێران دەیهەوێت بەهۆی دەستێوەردانە سەربازییەکانی لە ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستەکان، باج لە ئەمریکا وەرگرێ.
جێگای ئەماژەیە کە وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا ئیوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە گەمارۆکانیان بە دژی سێ بەرپرسی پێشووی ئێران وەکوو” ئەحمەد قەلعەبانی” یەکێک لە بەڕیوەبەرانی کۆمپانیای میللی نەوتی ئێران، فەرزاد بازرگان، بەرپرسی گشتیی کۆمپانیای” ئینتێر ترید هۆنگ کۆنگ” و محەممەد موعینی، یەکێک لە بەرپرسانی کۆمپانیای بازرگانی نەوتی ئێران لابردووە و بە پێی ئەو بەیاننامەیە کۆمپانیای کەشتیڕانی” چارمینگ” و کۆمپانیای کەشتیڕانی” ئاکسینگ شانگهای” لە لیستی گەمارۆکان هاتوونەتە دەرەوە.