بەیانییەی بەشێک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری جوانڕۆ، بە بۆنەی بارگرژییەکانی داڵەهۆ و دەشتی زەهاوەوە
بەشێک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری جوانڕۆ، بە بۆنەی بارگرژییەکانی داڵەهۆ و دەشتی زەهاوەوە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
وەک دەزانن لەم ماوەیەدا بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەند بنەماڵەیەک لە ناوچەی داڵەهۆ و کۆییک، بەداخێکی گرانەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی و برینداریشی لێکەوتەوە.
وەک بۆ هەمووان روونە، هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە ناتەبایی مڵکی و کێشەی زەوی و زار بووە و وەک هەموو کێشەکانی تر، دەبوایە لە رێگەی یاساییەوە چارەسەر کرابا، کە بەداخەوە ئەوەی کە نەدەبوو بقەومێ، قەوماوە و چەند بنەماڵەیەک بوونەتە قووربانیی هەستی عەشیرەتی و عێلی.
ئێمە وەکوو رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری جوانڕو، هۆکاری تەشەنە کردنی ئەم کێشەیە بۆ عەقڵیەتی عێلی و عەشیرەتی دەگەڕێنینەوە و لە سەر ئەو بڕوایەین لە ئەمڕۆکەدا ئەو هەست و دەمارگرژییانە ماوەیان بەسەر چووە و دونیای ئەمڕۆ دونیای یاسا سەروەری و دانووسانە.
هەموومان ئاگادارین کۆمەڵگای کوردیی کۆمەڵگەیەکی فرە دەنگ و فرە رەنگ و فرە زاراوە و فرە ئایین و ئاینزایە و ساڵەهایە خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییانە، لەوپەڕی تەبایی و نیانیدا، لە سەر یەک بنەمای هاوبەش، کە ئەویش شوناسی کوردییە، بە ئاشتی و ئاسوودەیی پێکەوە دەژین.
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، ئەو رووداوە نەخوازراوە هەرگیز هەڵگری هیچ چەشنە رنگ و بۆنێکی ئایینی نیە و نابێ ئیزنی ئەوە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێ، بە ڕەنگی ئایین رەنگڕێژ بکرێت، چوونکوو ئەوە خواستی لەمێژینەی دوژمنانی نەتەوەکەمانە، کە کۆمەڵگای کوردستان تووشی دووبەرەکی و دابڕان و دواکەوتوویی بکەن.
ئەنجومەنی ئەدەبیی خانای قوبادی
ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی
رێکخراوی گوتاری نوێ
رێکخراوی چرای هزر
ئەنجومەنی مافی شارۆمەندی
ئەنجومەنی وێنەگران
ئەنجومەنی شانۆ
ئەنجومەنی کۆمەڵناسی
رێکخراوی چوارچرای ئەوینی جوانڕۆ