سێ هاووڵاتیی بەلووچ لە کاتی مەلەکردن لە چۆمی” پاروود” لە شاری ڕاسک بەتەقەی کەسێکی نەناسراوە گیانیان لە دەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کەسێکی نەناسراو بە چەک هێرش دەکاتە سەر سێ هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی” ئۆمید ئابادیان، شەهرووز ئەبەرکار و ئیمان ئەبەرکار” کە خەریکی مەلەکردن لە چۆمی” پاروود”ی سەربەشاری ڕاسک بوون و بە بێ هیچ هۆکارێک ئەو سێ هاووڵاتییە دەکوژێ.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای لێکۆڵینەوەکانی هێزە ئینتیزامییەکان تا ئیستا ئەو کەسە دەسبەسەر نەکراوە.
چالاکانی بەلووچ هۆکاری ئەم کوشتنانەی خەڵکی بەلووچ بە بڵاوکردنەوەی چەک لەلایەن سپای پاسداران و دووبەرەکیی نانەوە لە نێو خەڵکی بەلووچ ناو دەبەن.
جێگای ئاماژەیە کە لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە تائیستا ٤٢ هاووڵاتیی بەلووچ لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژراوەن و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.