بنکەی سەربازیی ویکتۆریا نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، و بنکەی ئاسمانیی” بەلەد” کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لێنیشتەجێن، لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە لە هێرشێکی مووشەکیدا کرانە ئامانج.
هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە پایگای سەربازیی ویکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و هەروەها هاوکات پایگای ئاسمانیی” بەلەد” لە پارێزگای سەلاحەدین بە سێ مووشەک کرایە ئامانجی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن بۆ بینینەوەی ئەو شوێنەی کە لە پارێزگای سەلاحەدین، مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی”بەلەد”، شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەلعەرەبییەدا هاتووە کە هاوکات پاش ئازادبوونی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هێرشی مووشەکییان کردۆتە سەر بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان.
پێویستە بگوترێ کە لەماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار هێرشی مووشەکیی کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەرپرسانی ئەمریکایی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە بکەری ئەم هێرشانە تۆمەتبار دەکەن.