هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە١٠ کوژراوی لێکەوتەوە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگای میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە ١٠ کەس کوژران کە سێ کەسیان خەڵکی سووریەن و ئەو ٧ کەسەکەی دیکەش لەو هێزانە پێکهاتووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕەوانەی سووریەی کردووە.
هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنانی لە شاری حومس کردۆتە ئامانج و خەسارێکی زۆری بەو کۆگایە گەیاندووە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە بەیاننامەکەی خویدا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی قورسی برینەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەی کوژراوان لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر بێ.
هەروەها چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە دوای ڕاوەستانێکی یەک مانگە، ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، بەخەستی بنکە و بارەگای میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە بۆردوومان کردووە و خەسارێکی گەورەی گەیاندوەتە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.