سەرۆککۆماری ڕێژیم لە کاردانەوە بە ڕەخنەکانی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی کە ئاراستەی دەوڵەتی ڕووحانییان کردووە و ئەو دەوڵەتەیان بە ناکارامە ناوبردووە وتی: ئەم بەربژێرانە درۆزنن و گاڵتە و سووکایەتی بە خەڵک دەکەن.
حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەتدا وتی: ئێمە دەبێ ڕێگای خۆمان درێژە پێ بدەین و ئەرکی وەزیران و بەرپرسانی حکوومەت، وڵامدانەوەی چەواشەکاری و درۆکانی بەربژێرەکانە، تەنانەت ئەگەر دەنگوڕەنگیش وڵامدانەوەکانمان بڵاونەکەنەوە.
ڕووحانی لە درێژەی دانیشتنەکەدا وتی: لە هەڵبژاردنەکان گرینگتر ئەخلاق و ڕەوشتە کە لەم دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا لەلایەن بەربژێرەکانەوە لەژێر پێ نراوە.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتنی توند لە بەربژێرەکان و دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی وتی: زۆر سەیر و سەمەرەیە کە نە لە پرسیارەکاندا و نە لە وڵامەکاندا هیچ ئاماژەیەک بە گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەو گوشارانەی کە لەسەر ئێرانە ناکرێت.
ڕووحانی بە ئاماژە بە درۆ و چەواشەکارییەکانی بەربژێرانی سەرۆککۆماری وتی: ئەو کەسەی کە دەیهەوێت ببێتە سەرۆککۆمار لە ئێران ژیاوە، خۆ لە هەسارەی مێریخەوە نەهاتووە و ئەو هەموو بەڵێنە درۆییە بۆ چییە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەڵێنە درۆکانی بەربژێران لەهەمبەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران وتی: ژنان بە درۆی بەربژێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزو ئێمە نەمانزانیوە، پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە بە ڕۆژێک هەموویان بوون بە برا و شیعە و سووننە هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە؛ ئەمە گاڵتەکردنە بە بیر و هزری خەڵک.