چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان لە پارێزگای سنە، هەڵمەتێکیان لە ژێر ناوی ( ئێرە کوردستانە) بۆ گۆڕینی ناوی گوندەکانی کوردستان دەستپێکردووە.
بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی شاری سنە بە دەستپێکردنی چالاکییەکی بەنرخ و جێگای سەرنج لە ژێرناوی( ئێرە کوردستانە)، ناوی ئەو گوند و شوێنگەلەی کە کوردی نین و لەسەر تابلۆکان نووسراون و بەشێکن لە تێکدان و سڕینەوەی کەلتوور و زمان و شوناس و دێمۆگرافیای کوردستان کە دەیانساڵە لە لایەن داگیرکەرانەوە بەڕێوەدەچێ، بە تێچووی خۆیان و بە ئەرک و ماندووبوونی شەو و ڕۆژیان، دڵسۆزانە و کوردانە و بە هەست بە بەرپرسیارەتییکردن بەرانبەر نیشتمان و نەتەوەکەیان دەگۆڕن و دەیانکەن بە کوردیی.
شایانی باسە کە داگیرکەران ناوی بەشێک لە گوندەکانیان بە شێوەیەک نووسیوە کە تەنانەت بێڕێزییە بە خەڵکی کورد و بە تایبەت خەڵکی ئەو گوند و ناوچەگەلە.
ئەو چالاکە فەرهەنگی و مەدەنییانە داوایان لە خەڵکی دڵسۆز و چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو پارێزگاکان کرد کە هەڵمەتێکی هاوشێوە بۆ پاراستنی فەرهەنگ و زمان و کەلتووری نەتەوەکەمان دەستپێبکەن.