شاندێکی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتی سەوزی کوردستان سەردانی ئەو پارتەیان کرد.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز سۆران نووری بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە شاری سلێمانی بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی سەوزی کوردستان سەردانی ئەم پارتەیان کرد و لەلایەن بەڕێز ملکۆ بازیانی، سکرتێری پارتی سەوزی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
شاندی حیزبی لەم سەردانەدا چەپکە گوڵی پیرۆزباییان پێشکەش بە پارتی سەوزی کوردستان کرد و هاوکات جەختیان لە پێوەندی دۆستانەی نێوان هەر دوو لایەن کردەوە.
شایانی باسە پارتی سەوزی کوردستان ٧ ساڵ پێش ئێستا وەک پارتێکی ژینگەپارێز لە باشووری کوردستان، دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند.