وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە دژکردەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، هۆشداری بە حیزبوڵای لوبنان و سپای تێرۆریستیی پاسداران دا.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە دژکردەوە بە بەردەوامیی هەڕەشەی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕێکخراوەکانی فەلەستین و حیزبوڵای لوبنان، جارێکی دیکە هۆشداری داوە کە ئەگەر حیزبوڵا بیهەوێ بەدژی ئیسرائیل شەڕ بکا، ئەرتەشی ئیسرائیل تەواوی توانای خۆی بەدژی ئەو گرووپە دەخاتە گڕ کە لەوانەیە بۆ داهاتووی وڵاتی لوبنانیش دەرکەوتەی باشی نەبێ.
بێنی گانتس وتی: گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، دوو ڕێکخراوی بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامین و بەردەوام هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر ئیسرائیل، فەلەستینییەکان لە ماڵی جولەکەکان لە گەڕەکی “شێخ جەراح”ـی فەلەستین دەربکا، وڵاتی ئیسرائیل ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی دەبێتەوە.
شایانی باسە کە حەسەن نەسروڵا لە دوایین قسەکانی خۆیدا وتبووی: حیزبوڵا پشتیوانی لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی گرووپە میلیشیاکانی فەلەستین دەکا بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە وڵامی حەسەن نەسروڵادا وتی: “ئیسرائیل دژکردەوەی توندی بەدژی حیزبوڵا دەبێ و تەواوی توانی سەربازیی خۆی دەخاتە گڕ بۆ ئەوەیکە قورسترین گوزری سەربازی لە گرووپە تێرۆریستییە بوەشێنێ.”