دەزگای قەزایی بوڵغارستان ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر بارێکی ٤٠٠ کیلۆیی ماددەی هۆشبەر کە لە ئێرانەوە هەناردەی وڵاتانی ئورووپایی دەکرا، گرتووە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە زاری دادئەستینی گشتیی وڵاتی بوڵغارستانەوە لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە بەرپرسانی ئینتیزامیی بوڵغارستان، دەستیان بەسەر بارێکی گەورەی ٤٠٠ کیلۆیی ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆئین کە لە ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتانی ئورووپایی دەکرا، گرتووە.
هەر لەم پێوەندییەدا” والێنتینا مادخاروا” بەرپرسی دەفتەری دادئەستینی گشتیی بوڵغارستان ڕایگەیاندووە کە ئەو بارە هێرۆئینە کە دەستیان بەسەردا گرتووە لە ڕێگای دەریای ڕەشەوە هاتووەتە بەندەری “وارنا” و ویستوویانە لە ڕێگای بۆڵغارستانەوە بیگوازنەوە بۆ وڵاتانی ئورووپایی.
بەرپرسانی دەزگایی قەزایی بۆڵغارستان دەڵێن: باندەکانی نێو ڕێژیمی ئێران ماددە هۆشبەرەکانیان لەنێو بەردی گرانیتدا حەشار دابوو کە دەستی بەسەردا گیراوە و ئەم بارە گەورەیە نرخەکەی ١٦ میلیۆن دۆلار خەڵمێندراوە و دوو کەسی خەڵکی تورکیەش لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کراون.
جێگای ئاماژەیە کە وڵاتی بوڵغارستان لەسەر ڕێگای قاچاخی ماددەی هۆشبەرە بۆ وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و مانگی ڕابردووش بارێکی دیکەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن هێزەکانی بوڵغارستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.