فاکس نیوز ڕایگەیاند کە ئێران بە شێوەیەکی شاراوە و دوور لە چاوی لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، خەریکی چالاکییە لە دامەزراوەی ناوکیی سنجەریان.
هەواڵدەریی فاکس نیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە مانگە دەسکردەکانەوە گیراوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئێمە دەستمان بە بەڵگەگەلێکی نهێنی گەیشتووە کە دەیسەلمێنێ ئێران خەریکی چالاکیی ناوکییە بە شێوەیەکی شاراوە لە دامەزراوەی ناوکیی ” سنجەریان” لە نزیک شاری جاجروود و تا ئێستا ئەو دامەزراوەیەی ڕانەگەیاندووە.
دامەزراوەی ناوکیی” سنجەریان” بە ٣٦١ کارمەند و بەڕێوەبەرەوە لە ٤٠ کیلۆمیتریی تاران هەڵکەوتوو کە پاش دزینی بەڵگە نهێنییەکانی ناوکیی ئێران لەلایەن دەزگای هەواڵگریی” مووساد”ی ئیسرائیلەوە ئاشکرابووە و ئەو ٥٠هەزار بەڵگەی کە لە ئارشیڤی ناوکیی ئێران دزراوە باس لەوە دەکا کە ئێران بە شێوەیەکیی نهێنی خەریکی دەسپێڕاگەیشتنە بە چەکی ناوکیی.