حەسەن نەسروڵا دەڵێ: سەرەڕای ئەوی کە ئێران پێویستی بە دۆلاری ئەمریکایە بە لیری لوبنان سووتەمەنی لە ئێران دەکڕین.
ڕۆژی سێشەممە١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ هەتاوی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا، حەسەن نەسروڵا، بەرپرسی حیزبوڵای لوبنان، سەرەڕای ئاماژە بە قەیرانی نێوخۆیی لوبنان لە بواری ئابووری و کەمی پێداویستییەکان بە تایبەتی دەرمان و نەوت وتی: من دەتوانم بچمە ئێران و بە لیرەی لوبنان، بێنزین، نەوت، گازوئیل، مەوادی پێترۆشیمی و خۆراک بکڕم و هاوردەی لوبنانی بکەم.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: هەرچەندە دەزانم کە ئێران لە ئێستادا پێویستی بە دراوی بیانی وەکوو” یۆرۆ و دۆلار” هەیە بەڵام ئامادەیە بە لیری لوبنان سووتەمەنی و پێداویستیی خوراکیی بە حیزبوڵای لوبنان بفرۆشێت بێ ئەوەیکە حیزبوڵا ناچار بێت تێچووەکەی بە دوڵار بدا بە ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە وڵاتی لوبنان لە هاوینی ساڵی ٢٠١٩ی زایینییەوە تووشی قەیرانی ئابووریی بووە و پارەی ئەو وڵاتە لە سەتا ٨٥ی بەهای خۆی لە دەستداوە و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.