عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی ئێران: نزیک بوینەتەوە لە کۆتایی هەموو گەمارۆ ناوکیی و ئابوورییەکانی سەر ئێران و وتووێژەکانی ویەن پێش کۆتایی هاتنی دەوڵەت دەگا بە ئاکامی دڵخواز.
عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەت، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە دووپاتکردنەوەی پێداگریی شاندی وتووێژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر خواست و ویستەکانی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ویەن وتی: ئێمە هیوادارین کە بە زووترین کات دەوری کۆتایی وتووێژەکانی ویەن تا پێش لە کۆتایی مۆڵەتی یاسایی بە ئاکامی دڵخواز بگا.
ناوبراو بە وتنی ئەوەی کە نامهەوێ لە پێشدا لە سەر ئاکامی وتووێژەکان بڕیار بدەم وتی: ئەوەندەی کە ئێمە پەلەمان بۆ وتووێژەکان نییە، دژی دواکەوتن و بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانیشین و ئێمە دەمانهەوێت لە ماوەی دیاریکراودا بگەین بە ئاکامی دڵخواز.
پێویستە بگوترێ کە بڕیارە دەوری شەشەمی وتووێژەکان لە چوارچێوەی کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناوکیی بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا ٢٠ی جۆزەردان لە ویەن دەسپێبکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر پێنج دەورە وتووێژ کراوە کە بە پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانەوە تا ئێستا بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون.