کەریم ڕەحیمی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و برای شەهیدێکی حیزب لە گوندی حاجیئاباد لە ناوچەی جەغەتوو ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک” کەریم ڕەحیمی” پێشمەرگەی دیرینی حیزبی دێموکرات و برای شەهید” محەممەد ڕەحیمی” لە گوندی “حاجی ئاباد”ی ناوچەی جەغەتوو بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک کەریم لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەردا چاوی بە ژیان هەڵێناوە و ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەبەر دەکا و چەکی شەرەف بۆ بەرگریی لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکاتە شان و ناوبراو ساڵی ٦٩ی هەتاوی لە شەڕی سەرتوون بریندار دەبێ و لەسەر ئیزنی حیزب دەگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات.
پێویستە بگوترێ کە برای کاک کەریم بە ناوی شەهید” محەممەد ڕەحیمی” لەگەل پولێک لە پێشمەرگە ئازاکانی حیزبی دێموکرات لە باغی حاجیئاباد شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک ” کەریم ڕەحیمی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.