لە حاڵێکدا کە دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا تەواوی هەوڵی خۆیان داوە بۆ ئەوەی ڕێککەتنی بەرجام لەگەڵ ئێران بە ئاکام بگات، ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئورووپا ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی ئێران خەریکی دروستکردنی چەکی ناوکییە.
بەپێی ڕاپۆرتی “پۆلیتیکۆ”، ئەو زانیارییانەی کە رێکخراوە ئەمنییەکانی وڵاتانی ئورووپایی لە بارەی پڕۆژەی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کۆیان کردووەتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر جیهان.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام هەوڵی زۆر دەدا، ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی ئەمنیی وڵاتانی ئورووپایی دەیخەنەڕوو کە تاران لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینییەوە خەریکی دروستکردنی چەکی ناوکیی یا هەندێ چەکی دیکەی مەترسیداری کۆمەڵکوژییە کە ئەو هەنگاوەی ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی جیددیە بۆ سەر کۆمەڵگەی جیان.
ناوەندی ئەمنییەتیی وڵاتی سوئێد ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران تائێستاش لەو وڵاتە سیخوڕی پیشەیی دەکا کە، ڕاستەوخۆ بەدژی پیشەسازیی پێشکەوتووی سوئێد و بەرهەمەکانی ئەو وڵاتەیە، کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە سەرمایەگوزارییەکی زۆری کردووە و بەشێک لەو سەرمایەیەی ڕێژیمی لە وڵاتی سوئێد داندراوە و هەروەها ناوەندی ئەمنییەتیی وڵاتی هولەندیش ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژە.
هەر بەم شیوەیە ناوەندە ئەمنییەکانی ئورووپا باس لە دروستکدرنی چەکی ناوکیی و کۆمەڵکوژ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەن و دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ڕێژیم مەترسییەکی جیددی و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر مرۆڤایەتی و دەبێ کۆمەڵگەی جیهانیی پێش بەو هەنگاوەی ڕێژیمی ئێران بگرێ.