کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە بە کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان ناودێر کراوە، ئەمڕۆ شەممە، ١٧ ی ڕێبەندان دەستی بەکارەکانی کرد.
ڕێوڕەسمی کرانەوەی کۆنگرەی ١٦ی حیزب کە بەبەشداریی سەدان کەس لە ئەندامانی کۆنگرە، کەسایەتیی سیاسیو نوێنەری حیزبو لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیبو ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی حیزبی دێموکڕاتو خەباتی نەتەوەیی کورد دەستی پێکرد.
لە سەرەتای کاری کۆنگرەدا وتاری کردنەوەی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن کاک فەتاح کاویان، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێشکێش کرا.
کاک فەتاح کاویان لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: ئەم کۆنگرەیە، کە ناوی “کۆنگرەی ٧٠ساڵ تێکۆشان”ی لە سەر دانراوە، گرنگیەکی تایبەتی هەیە. چونکە لە دوای تێپەڕکردنی 7دەیە خەباتی پڕ لە قوربانیدان پێک هاتوە. کۆنگرەی ١٦ لە سەریەتی لە بەر ڕووناکایی ئەزموونەکانی ٧٠ ساڵ خەبات، ئەم حیزبە بۆ دەیەیەکی نوێی تێکۆشان ئامادە بکا. هەر بۆیە پێویستە نوێنەرانی بەڕێزی کۆنگرە، بەو پەڕی هەست کردن بە بەرپرسایەتی، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا گوتی: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وبزووتنەوەی کورد لەم بەشەی کوردستان، ساڵانێکی زۆرە بە دەست تەفرەقەو چەند پارچەییو پەرشو بڵاویی هێزە سیاسییەکانەوە دەناڵێنن. خەڵکەکەمان لە حاڵێک دا هەروا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشنو بەردەوام لە گەڵ سەرکوتو هەڕەشە بەرەوڕوون، یەکگرتنو هاوخەباتییەکی جیددی لە نێوان هێزە سیاسییە خەباتکارەکانی خۆیان دا نابینن. ئەم ڕاستییە تاڵە، ئەرک دەخاتە سەر بەشدارانی ئەم کۆنگرەیە. بە دڵنییاییەوە دەڵێم ئەم کۆنگرەیە و هەموو کۆبوونەوەیەکی سیاسیی گرنگی حیزبەکان، ئەو کاتە دەبنە ماێەی خۆشحاڵیی خەڵک، کە هەڵگری پەیام و بانگەوازی تەباییو یەکگرتوویی لە نیوان هیزە سیاسییەکان دا بن. هەر بۆیە داوا لە ئەندامانی بەڕێزی کۆنگرە دەکەم بە گیانی گرنگیدان بە یەکگرتووییو هاوکاریو هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکان، بەشداری کارو ئەرکەکانی ئەم کۆنگرەیە بن.
لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی١٦ دا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیەوە بۆ بەشدارانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی ١٦ ی حیزب دوا.
کاک خالید عەزیزی قسەکانی بە سڵاو لە دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکڕاتو لە سەروو هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەد دەست پێکردو بە تیشکخستنە سەر چۆنیەتیی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتو پاشان کۆماری کوردستان چەند مانگ دوای دامەزرانی ئەو حیزبە، گوتی: حیزبی دێموکڕات لە نێوشارو لە نێو خەڵکداو بۆ ئیدارەکردنی وڵات دامەزراو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بە قۆستنەوەی زۆر دەرفەت توانی بە دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان، ئەو پڕۆژەیە بە لووتکەی خۆی بگەیەنێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە بیرۆکەی دامەزراندنی حیزبی دێموکڕات بۆ بەڕێوەبەریی وڵاتو بەدواداچوون بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ڕێگەی قانوونو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکانەوە بوو، ئێستاش دوای ٧٠ ساڵ هەر لەسەر ئەو باوەڕە دەچێتە پێشێ.
کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی کارنامەی حیزبی دێموکڕاتو کۆنگرەکانی حیزب لە ماوەی ٧٠ ساڵ تەمەنی خۆیدا کردو گوتی ئاواتەخوازبووین کۆنگرەی ١٦ی حیزبەکەمان لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرماشان، یان پارێزگاکانی ئیلام، سنەو ورمێ یان تەنانەت ئەگەر گونجابا لە تاران گرتبایە، بەڵام بە داخەوە ئەوەمان بۆ نەکراوەو حیزبی دێموکڕات سەرەڕای سیاسەتی دروست، مەنتیقیو ئوسولیی خۆی بەڵام دەرفەتی تێکۆشانی قانوونیی لە نێوخۆی وڵاتدا لێ زەوت کراوە؛ بۆیە بۆ جارێکی دیکەش ناچاربووین کۆنگرەکەمان لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەر لەو بەشە لە قسەکانیدا ڕوو بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت ئەندامانو لایەنگرانی حیزب گوتی ئەگەر بەپێی هەلومەرجو دۆخەکە نەتانتوانیوە بەشداریی کۆنگرەی خۆتان بن، بەڵام نوێنەرانی ئێوە لە هەموو موئەسیساتو ڕێکخراوەکانی حیزبی لە کۆنگرەدا تێدەکۆشن بە ئەمانەتەوە پەیامی ئێوە لە کۆنگرەدا بکەن بە باس؛ چونکی کۆنگرەی ئێمە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانو بۆ ئێوەیە لە نێوخۆی وڵاتو تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتیش هەر بۆ ئێوەیە.
کاک خالید عەزیزی پاشان ئاماژە بە کاتی بەسترانی کۆنگرەی ١٦ لە بارودۆخی شێواوو ئاڵۆزی ئەمنیەتی، ئابووریو شەڕی داعش لە ناوچەکەدا کردو بەهێنانە بەرباسی چۆنیەتیی پرسی کورد لە باشوور، باکوورو ڕۆژاوای کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا کورد تەنیا بە یەکگرتووییو یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردی دەتوانێ پشکی کورد لە سەرکەوتنو پێشکەوتنەکان مسۆگەر بکرێ.
لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاک خالید عەزیزی گوتی سەرەڕای سیاسەتی سەرکوتو زەبروزەنگی دوو نیزامی پاشایەتیو کۆماری ئیسلامی بەڵام خەڵکی کورد لەو بەشەی کوردستان کۆڵی نەداوەو ٧٠ ساڵ خەباتی حیزبی دێموکڕات کارنامەیەکی ڕەنگینە لە هەوڵو هیممەتو تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو ئێمەش وەک حیزبی دێموکڕات تا سەرکەوتن کۆڵ نادەینو هەموو شێوازەکانی خەبات دەگرینە بەرو سیاسەتمان ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە نیسبەت هیچ شتێکی کوردستان بێتەفاوت نەبن.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا پێداگریی لەسەر پەیامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، واتە رێفڕاندۆمی دیاریکردنی مافی چارەنووس کردەوەو باسی لە پاشخانی دەوڵەمەندی ئەو داوایە کرد.
کاک خالید عەزیزی گوتی پێشەوا قازی محەممەد هەموو هەوڵی ئەوە بوو کێشەی کورد لەگەڵ تاران لە رێگای سازانو وتووێژەوە چارەسەر بکا؛ بەڵام دەسەڵاتی پاشایەتی ئەو داوایەی نەبیست؛ دوای شۆڕشو هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیش هەموو هەوڵی حیزبی دێموکڕات ئەوە بوو لە ریگەی دانوستانەوە کێشەی کورد لەگەڵ تاران چارەسەر بکا، بەڵام شەڕیان بەسەردا سەپاندینو ناچار بە بەرگریی چەکدارییان کردین. ئێمە قەت بە دوای ئەوەدا نەگەڕاوین ئێران ببێتە سووریەو مرۆڤکوشتن، وێرانیو کوشتار چارەسەری کێشەکان بێ، بەڵام لە هەموو دەرفەتێکیش کە لە ناوچەکە بێتە پێشێ، ئێمە بە قازانجی دۆزی کورد کەلکی لێوەردەگرین. بۆیە جێگای خۆیەتی دوای ٧٠ ساڵ تێکۆشان، تاقیکردنەوەی زۆر شێوازو مێتۆد بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران بە خەڵکی ئەو وڵاتەو کۆمەڵگای جیهانی بڵێین کە سەرەڕای تاقیکردنەوەی هەموو مێتۆدەکانی ئاشتیو دانوستان بەڵام بەشی ئێمە کوشتن، بڕین، بەندکردن، بە ئەمنیەتی کردنی کوردستانو سووکایەتیو پەراوێزخران لە دەسەڵات بووە، هەر بۆیەش باس لەوە دەکەین کە پرسی ڕێفڕاندۆم لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێتە بەرباس.
کاک خالید عەزیزی قسەکانی خۆی بە دەستنیشانکردنی ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگاو کۆڕو کۆمەڵە مەدەنییەکان لە کوردستانو حیزبە سیاسییەکان بۆ خاوەندارەتی لە پرسی کوردو گوتاری هاوبەش لە دۆخی قەیراناویی ئێستادا تەواو کرد.
دوای پێشکێشکردنی سروودێک لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبەوە پەیامی رێکخراوی ئێنتێرناسیوناڵ سۆسیالیست لەلایەن مەلوود سوارە؛ پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن سیامەک قەویپەنجە،؛ پەیامی مەکتەبی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن سۆیلا قادری؛ پەیامی دوکتور بێرنارد گرانژۆن، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لەلایەن گوڵاڵە شەرەفکەندیو؛ پەیامی حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی، سکرتێری بەرەی دێموکڕاتیکی ئێران کە لە تارانەوە ناردبووی، لەلایەن کاوە ئاهەنگەریو پەیامی ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن سەلاح خزری؛ خوێندرانەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی کرانەوەی کۆنگرەی ١٦ ی حیزبدا مامۆستا عاشق شێعرێکی خوێندەوەو ڕێورەسمەکە بە چەند بڕگەی هونەری بە دەنگی هونەرمەند حەمەدەمین کەریمی درێژەی پێدرا.
لە بڕگەی کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا ناوی ئەو حیزبو لایەنو کەسایەتییانە خوێندرایەوە کە پەیامیان بۆ کۆنگرەی 16 ی حیزب ناردوە، بەڵام لەبەر نەبوونی کات دەرفتی خوێندنەوەیان نەبوو و تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا؛ کە بریتی بوون لە:
حیزب و رێکخراوە خاریجییهکان
سۆسیالیست ئهنتێرناسۆنال
حیزبی لیبرال دێموکراتی بریتانیا
حیزبی سۆسیال دێموکراتی دانمارک
پارتی سۆسیالیستی ئیسپانیا
پارتی سۆسیال دێموکراتی ژاپۆن
حیزبی چهپی سوئێد
حیزبی خهڵکی مۆغۆل
رێکخراوی ژێنێڤاکال
حیزب و رێکخراوەکانی باشووری کوردستان
مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان – ژووری پێوەندییە سیاسییەکان
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
حیزبی شیوعیی کوردستان
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان/عێراق
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان
یەکێتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان
بزووتنەوەی دێموکراتیکی گەلی کوردستان
حیزبی رزگاریی کوردستان
حیزب و رێکخراوەکانی رۆژئاوای کوردستان
حیزبی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی لە سووریا
پارتی یەکیەتیی سووریە
حیزب و رێکخراوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
رەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە
جبهە دموکراتیک ایران
سازمان فدائیان خلق ایران ــ اکثریت
حزب مردم بلوچستان
یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان ـــ ئێران
کهسایهتییهکان
دوکتور بێرنارد گرانژۆن
فرانسواز بریه
دوکتور فرێدریک تیسۆ
جیرارد چالیاند
حشمت اللە طبرزدی – دبیرکل جبهە دموکراتیک ایران
کریم احمد پیرداود باشوور
علی مهرپرور
عبدالرحمن علی کوردە – نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان
حاجی حاجی برایم – راوێژکاری سەرۆکی هەرێم
دکتر گلمراد مرادی
حسن ماسالی
کۆمیتەی کەمپینی یەکبوون
مومتاز حەیدەری
عەبدوڵڵا زەنگەنە
ئەمیر قازی
دوکتور حەسەن شەتەوی
عەبدولکەریم شێخانی
محسن بهزاد کریمی
سیاوش عبقری
دوکتور محەممەد رەحیمی
سعید بشیرتاش
عەزیز ماملێ
ئیقبال سەفەری
هاشم کهریمی