هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی مانۆڕی هاوبەشی هێزەکانی ئاسمانیی ئیسرائیل، ئیتالیا، ئەمریکا و بریتانیا لە ئاسمانی وڵاتی ئیتالیا، بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل دەڵێ: فڕۆکەوانانی وڵاتەکەیان بە ئامانجی خۆ تەیارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، نێردراوین بۆ ئەم مانۆڕە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تایمزی ئیسرائیل” ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسێکی پلەبەرزی سەربازیی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی؛ ئەو مانۆڕە بۆ ئامانجێکی تایبەت کە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێ و کۆماری ئیسلامی مەبەستی سەرەکی چالاکییەکانی ئەو مانۆڕەیە و ئامانجی فڕۆکەوانانی ئیسرائیل خۆ تەیارکردن بۆ هێرشی ئاسمانی بە دژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانە.
شڕۆڤەکارانی سەربازیی ئیسرائیلی لە ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە وتوویانە؛ ئامانج لەم ڕاهێنانە هەڵسەنگاندنی ئەوەیە کە لە هەر دۆخێکدا بێ، ئیسرائیل چۆن بتوانێ هێرش بکاتە سەر ڕێژیمی ئیران و فڕۆکە شەڕکەرەکانی “ئێف٣٥” چۆن بتوانن بگەنە شوێنی مەبەستی خۆیان و مەئمووریەتی شەڕی خۆیان بە باشی بەڕیوە ببەن.