محەممەد ئەمجەد لەگەڵ ئەوەی کە داوای لە خەڵکی ئێران کردووە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان نەکەن، لەهەمبەر بڕیار و هەڵوێستە سەرەڕۆیانەکانی خامنەیی بە توندترین شێوە ناڕەزایەتی دەربڕی و ناوبراوی وەکوو فیرعەون ناساند.
محەممەد ئەمجەد ئەندامی دیاری حەوزەی عیلمییە، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵە، لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە دۆخی هەنووکەیی ئێران، داوای لێپرسینەوەی لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی بەهۆی پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران کردووە.
ئەو ئەندامەی حەوزەی عیلمییە، لە سەرەتای نامەکەیدا بە ئاماژە بە سەرەڕۆییەکانی خامنەیی، ناوبراوی وەکوو دیکتاتۆر و ئەکتەرێک لە جلوبەرگی ئاخوونددا ناو برد و لە درێژەدا چەند پرسیاری ڕوو بە خامنەیی کرد کە ئایا ئێوە ناوی ئەم بە سووک زانینەی خەڵک دەنێن هەڵبژاردن؟! پاشان بە چ هۆکارێک هەر کەسێک کە نەیهەوێ لەم شانۆیەدا بەشداری بکا، سزای دەدەن و بە خائینی دەزانن و هەرکەس نەیهەوێ لەم سووکایەتی پێکردنە بەشداری بکا تاوانبارە؟