٣٢ دامەزراوەی حیزبی و ڕێکخراوەیی دژبەری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی ئانڵایندا، بانگەشەیان بۆ یەکگرتوویی خۆیان و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ٣٢ڕێکخراو، حیزب و دامەزراوەی ئێرانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنڵایندا جەختیان لەسەر یەکگرتوویی هەموو ئۆپۆزیسیۆنەکان کردەوە بۆ ئەوەی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا زاڵ بن و بە یەکدەنگی بە خەڵکی ئێران بڵێن، هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیمی ئێران بایکۆت بکەن.
زۆربەی ئەو کەسانی بەشداربووی ئەو کۆبوونەوەیە کە زیاتر لە ٥٠٠کەسایەتیی سیاسی، فەرهەنگی و ئاکادمی بوون، تیشکیان خستە سەر دامەزراندنی دەوڵەتێک لە داهاتووی ئێراندا کە لەو دەوڵەتەدا تەواوی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەموو مافەکانیان دەستەبەر بێ و ئەوەیان وەکوو گەڵاڵەیەکی گرینگ خستۆتە بەر باسی کۆبوونەوەکە.
ئەو ٣٢ دامەزراوەیە لە ٣هاوپەیمانیی وەکوو، “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران” ئەندامن و لە کۆتایی بەیاننامەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە، داوا لە خەڵکی ئێران دەکەین بە یەکدەنگی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران بایکۆت بکەن.