عەلی خامنەیی، پاش ئەوەی کە وتی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا تاوانێکی گەورەیە ڕایگەیاند کە دەنگدانی سپیش لە هەڵبژاردنەکاندا حەرامە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی تابناک، نزیک لە سپای پاسداران، عەلی خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: دەنگی سپی دان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێتە هۆی لاوازبوونی نیزامی ئیسلامی و دەنگدانی سپی لە هەڵبژاردنەکاندا حەرامە.
پاش ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی لێوەشاوەیی و لێهاتووی بەربژێرانی سەرۆککۆماری لەلایەن شۆرای نیگابانەوە و دامەزراندنی کەمپەینی” دەنگ بێ دەنگ”، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لەهەمبەر بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا تووشی نیگەرانی بوونە و دەیانهەوێت بە هەرجۆرێک بێ خەڵک بێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
خامنەیی لە ڕێوەڕەسمی ساڵڕۆژی مردنی خومەینی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی بە کاری کەسانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ناوبرد و وتی: ئەو کەسانەی کە دەنگدان بایکۆت دەکەن و خەڵکی هاندەدەن کە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و هەموو خەڵکی ئێران دەبێ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن.