ئەنجومەنی هێنری جەکسۆن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ماڵپەڕی ساختەوە هەوڵیداوە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیی بریتانیادا بکا.
ڕۆژنامەی “تێلێگراف”ی بریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە ڕاپۆرتی ئەنجومەنی هێنری جەکسۆن نووسی: ئێران بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە لە ئینتێرنێت و سازکردنی ماڵپەڕگەلێکی ساختە، هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیی بریتانیای داوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی هێنری جەکسۆن، ماڵپەڕە ساختەکان بۆ دەستێوەردان لە کاروبار و هاندانی خەڵکی ئێسکاتلەند بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، هاندانی خەڵکی فەلەستین بەدژی ئیسرائیل و هێرش بۆ سەر عەرەبستان لە بریتانیا سازکراون.
هەروەها ئەو ئەنجومەنە بریتانیاییە هۆشداریدا و دەڵێ: ڕێژیمی ئێران لە بواری هێرشی سایبێری بۆ سەر وڵاتانی دیکەوە لە پلەی سێهەمدا بووە بەڵام ئێستا شێوەی هێرشە سایبێرییەکانی زۆر بەربڵاوتر و مەترسیدارترە و دەبێ پێشی پێبگیردرێ.
ئەنجومەنی هێنری جەکسۆن پێشتریش لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووەوە کە پسپۆڕانی سایبێری کە بۆ ڕێژیمی ئێران کاردەکەن بە سازکردنی دەیان هەژماری ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو فەیسبووک و تویتێر، هەوڵی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی پارلمانی “ئێسکاتلەند”یان داوە.