دۆناڵد ترامپ لە کۆنفڕانسی ساڵانەیحیزبی کۆماریخوازەکان وتی: جۆبایدێن زۆر ترسەنۆکانە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی هەڵگرتووە.
ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠هەتاوی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی دەوڵەتی ئەمریکا، لە درێژەی قسەکانیدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کۆماریخوازەکانی ویلایەتی کارولینای باکووری ئەمریکا، سیاسەتەکانی “جۆبایدێن” سەرۆککۆماری دەوڵەتی ئەمریکای ئابڕووبەرانە ناو برد و وتی: بایدێن ترسەنۆکانە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی هەڵگرتووە و ئەگەر من بوایەم لەماوەی مانگێکدا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مامەڵەم دەکرد.
ترامپ ئەوەشی زیاد کرد کە، لە ئێستادا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوای پارە دەکەن بەڵام لە دەورانی سەرۆکایەتی مندا هیچکات ئەو داواکارییەیان نەبووە، ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری ئەمریکادا لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا ڕووی داوە ئابڕووبەرە بووە و وڵاتانی وەکوو ئێران، چین و ڕووسیە لە ئاکامی ئەو هەڵبژاردنەدا زۆر خۆشحاڵ بوونە و بە قازانجی ئەوان بوو.
ناوبراو هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا وتی: ڕێژیمی ئێران دوای پەیماننامەی بەرجام، ١٥٠میلیارد دۆلاری دەس کەوتووە کە ١/٨میلیارد دۆلاری بە شێوەی پارەی نەغد ورگرتووە و لە ئێستادا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوای پارە دەکەن بەڵام لە دەورانی مندا قەت داوای پارەیان نەکردووە.