وەزیری زانیارییەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەڵێ: حەسەن ئیرلوو، باڵوێزی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیا حووسییەکان، بەرپرسی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی منداڵانی یەمەنە لە ئۆردووگا هاوینییەکانی حووسییەکان.
مەعمەر ئەلڕیانی، وەزیری زانیارییەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: پڕۆژەی سەربازیی بە سەربازکردنی منداڵان لە ژێرناوی “ئۆردووی هاوینی” لە دەورووبەری شاری سەنعا و یەکێک لە گرینگترین پڕۆژە هاوبەشەکانی سپای قودسی ئێران و میلیشیا حووسییەکانی یەمەنە کە دەیانهەویت بە دەیان هەزارمنداڵ چەکدار بکەن بۆ بەرەکانی شەڕ.
ئەلڕیانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە هاوکاری سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، منداڵان بە بیانووی ئۆردووی هاوینی، دێننە ئەو ئۆردووگایانە و مێشکیان دەشۆرنەوە و مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان پێدەکەن.
ناوبراو بەبڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لەو ئۆردووگا سەربازییانەی منداڵان، داوای لە هاووڵاتییانی یەمەن لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی میلیشیا حووسییەکان کرد کە ئاگاداری منداڵەکانیان بن و بە ناوی ئوردوو متمانە بە میلیشیا حووسییەکان و سپای قودسی ئێران نەکەن.
ئەلڕیانی بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە سپای قودس کەڵک لە میلیشیا حووسییەکان وەردەگرێ وتی: پڕۆژەی بە سەربازکردنی منداڵان یەکێکی دیکە لە کارە شەرمێونەکانی ڕێژیمی ئێرانە بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم و پەرەپێدان بە ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.