حەسەن نەورووزی نایب، بەرپرسی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی ئێران، هەواڵی پەسەندکردنی گەڵاڵەی سزادانی ئەو کەسانەی کە لە ڕێگای ڤیدیۆ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵ و زانیاریی بە وڵاتانی دەرووبەر دەدەن پشتڕاستکردەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەری تەسنیم، ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕۆژێک پاش ڕەخنەگرتنی عەلی خامنەیی لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، مەجلیسی ئێران گەڵاڵەی سزادانی هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی کە لە ڕێگای گرتە ڤیدیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵ و زانیاریی بە وڵاتانی دەورووبەر دەدەن پەسەند کرد.
هەواڵدەریی تەسنیم گەڵاڵە پەسەندکراوەکەی مەجلیسی ئێرانی بڵاوکردوەتەوە کە لە ماددەی یەکەمدا هاتووە کە؛ ئەو کەسانەی چالاکیی ڕاگەیاندن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەکەن و زانیاری بە وڵاتانی دژبەری ئێران دەدەن بە ” گەندەڵ و تاوانباری سەر زەوی ” دەناسرێن و سزای تاوان و خەیانەتەکەیان لە سێدارە دانە.
هەروەها لە ماددەی حەوتەمی ئەم گەڵاڵەیەدا لەهەمبەر چالاکیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بە هەڕەشەکردن لە هاوڵاتییانی ڕۆژنامەنووس هاتووەکە ئەگەر گرتە ڤیدیۆ لە کارەسات و تاوانەکانی نێوخۆ ڕەوانەی ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە بکرێ، ئەو پەڕی سزا ” زیندانی هەتاهەتای” بۆ کەسی تاوانبار دیاری دەکرێ.
لە بەشێکی ئەو گەڵاڵەیەدا هاتووە کە ئەو کەسگەلەی فیلم و وێنەی ئێعدامکراوان، یان بڕینی دەست و لاقی تاوانباران بڵاو بکەنەوە، سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێ و لەوانەشە ئێعدام بکرێن.