ڕۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا
(لایەنی دڵداری و ڕەگەزی ستاتیكی و شێعری لە بەیتی سوارۆدا)
لایەنی ههره بەرچاو و ڕوونی بهیتی سوارۆ، لایەنی دڵدارییەكەیەتی. دوكتۆر ڕەهبەر مەحموود زادە لە وتارێكیدا بەناوی ” بەیتی كوردی لە خوێندنەوەیەكی بەراوردكارانە لەگەڵ ئەدەبی كلاسیكدا” لەو بارەیەوە دەڵێ: بەیت لە هەندێك بەشیدا بە وەسفی ناسك و ئەویندارانە شێوازێكی لیریك و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ. لەم بەشانەدا زۆرتر وەسف و نزایەكی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەكی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگ دا بەدی دەكرێن.
گراوییەكەی سوارۆ دوای ئەوەی دڵی دڵدارەكەی دەشكێنێ و لەو كات و ساتە ناسكەدا كە سوارەكەی دەچێتە سەفەری هات و نەهاتێ، ماچێكی ناداتێ، دواتر زولفی خۆی لەبەر دەگێڕێ و مەمكی خۆی لێ دەكاتە تكاكار بۆ ئەوەی سوارۆ دڵی لێی نەیەشێ و لێی ناهومێد نەبێ. ئەو هەموو خۆشییەكان هەڵدەگرێ، بۆ ئەوەی دواتر وەك دیاری و پێشكەشییەكی سەركەوتن، بیداتە دڵدارەكەی. لێرەدا ئەو پەڕی جوانی و ناسكێتیی دەقەكەمان بۆ دەردەكەوێ.
خۆی لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەگەر سوارۆ لە سەفەرەكەی گەڕابایەوە، كچەحەیرانەكەی ئەو قەول و بەڵێنانەی خۆی دەبردە سەرێ یان نا؟ ئەگەرچی ئەوە پرسیارێكە و لەوانەیە بۆ هەموومان بێتە پێشێ، بەڵام كەس ناتوانێ وەڵامێكی دروستی بۆ دەستنیشان بكا و بە دڵنیایەوە “ئا” یان “نا”ی بۆ بڵێ، لەبەر ئەوەی مەرگی سوارۆ ئیتر ڕێگەی ئەزموون و تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی لێ گرتووین. ئەوەی لێرەدا ڕوونە ئەوەیە كە كچەحەیرانیش دوای مەرگی سوارۆ ئەو كورتە ژوانە ئاشكرا دەكا و لەقاوی دەدا كە سوارۆ بەر لەوەی وەڕێ بكەوێ بۆ شەڕگە، دەگەڕێتەوە و دەچێتە لای و ئەوەش كە كچەحەیرانەكەی ئەو قەول و بەڵێنە شیرینانەی پێ دەدا كە بەداخەوە سوارۆ ئاواتەكانی دەباتە بن گڵ و داخ و كەسەریش بۆ نازدارحەیرانەكەی بەجێ دەمێنێ.
ڕەگەزی ستاتیكی و شێعری لە بەیتی سوارۆدا
تا ئێستا زۆر باسی ئەو فاكتەرانە كراوە، كە شێعر لە قسەی ئاسایی جیا دەكەنەوە. هەمووی ئەو شتانەش لە چوارچێوەی پێكهاتەی زماندا هاتوونەتە ئاراوە. یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكان كە تا ئێستایش وەك یەكێك لە پێوەرەكان هەمووان لەسەری كۆكن، زمانی ناڕاستەوخۆیە. زمانێك كە لەنێو خۆیدا مانایەكی زۆری هەڵگرتووە.
ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام بە تەنیشت هەموو شتێكدا تێ دەپەڕین و ناوی هەموو شتەكان دێنین بەبێ ئەوەی بیریان لێ بكەینەوە. زمانی پەیوەندییەكانمان، واتە ئەو زمانەی قسەی پێ دەكەین تەنیا لە خزمەتی گەیاندنی پەیام و مەبەستەكەماندایە. كەس لە كاتی قسەكردندا بیر لە واتای جۆراوجۆری وشەكان ناكاتەوە. كاتێ بە یەكێك دەڵێی: كتێبەكەم بزر كردووە، ئیتر بیر لەوە ناكاتەوە، تۆ بڵێی وشەی “كتێب” جگە لە خۆی واتایەكی دیكەشی هەبێ؟ ئەو بیر لە بزربوونی كتێبەكە دەكاتەوە و بەس. بەڵام كە بڵێین: “من كتێبێكم پڕ لە خەفەت، چاوێك نییە بمخوێنێتەوە و مێشكێك نییە ڕاڤەم بكات”… بیسەر یان خوێنەر یەكسەر بیر لە شتێكی دیكە دەكاتەوە. بیر لە من دەكاتەوە كە ناخم هەزار توێژ و لایەن و دەرووی تێدایە و پڕ پڕە لە ڕاز و نهێنی و كەس لێم تێ ناگا.
كاتێ كیژ بە سوارەكەی دەڵێ:
“زوڵفی خۆمم لەبەر دەگێڕا
مەمكی خۆمم بۆ دەبردەوە تكایە
شەرت بێ بە شەرتی خودا و ڕەسووڵان
چووكەڵە سوارەكەم بێتەوە لەوێ شەڕێ هەرامەتە لەوێ هەڵایە
ئەمن سینگی خۆمی بۆ دەكەمە كاغەزەكەی مەرجان و
مەمكی خۆمی بۆ دەكەم بە قەڵەمەكی فەڕەنگی
هەروەكوو مەلای دوازدەعیلم شەوتا ڕۆژی لێ بكا موتاڵایە”
تۆ بە دەست خۆت نییە، كۆمەڵێك وێنەت دێنە پێش چاو. كۆمەڵێك تابلۆی جوان و ڕۆمانسی. زولف و مەمكی كیژێ لەوێدا دەبێتە تكاكار. وەك چۆن لە كاتی هەڵەكردنێكدا خۆت هیچت لەدەست نایە و كەس قسەت لێ وەرناگرێ، كەسێك دەكەیتە تكاكار كە لایەنی بەرامبەرت ڕێزی دەگرێ و قسەی ناشكێنێ. لەو بەیتەشدا كیژێ كە دەزانێ سوارۆ دڵی لێی شكاوە و دەشزانێ سوارۆ وەڵامی ناداتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیایە كە سوارۆ ڕێز لە زولف و مەمكانی دەگرێ و ئەگەر ئەو جووتەی لێ بكاتە تكاكار، ئەوا لە بەر ڕێزی ئەوانیش بێ، لەگەڵی ئاشت دەبێتەوە. لێرەدا ئیتر مەمك ئەو جەستەیە نییە كە هەوەسی پیاو ببزوێنێ و تەزویی لەگیانی بگێڕێ. مەمك لەو دیمەنەدا جێی ڕاسپاردە و كەسێكی ماقووڵ دەگرێتەوە.
لە دێڕەكانی دواتریدا سینگی خۆی دەكاتەوە بە كاغەزێكی مەرجان و مەمكی خۆی بۆ دەكا بە قەڵەمێكی فەڕەنگی و لێی دەگەڕێ سوارۆ شەوێ هەتا ڕۆژێ لەسەری بكاتەوە موتاڵایە…
لەو چەند دیمەنە شاعیرانە و ناسكەشدا كیژێ نایە ڕاستەخۆ بڵێ: سوارۆ ئەگەر بە سڵامەتی هاتیتەوە چیت پێ خۆشە دەتدەمێ. خۆی ئەگەر ڕاستەوخۆ وای گوتبایە، ئەو هێزە ئەفسووناوییە لە پەیڤ و قسەكانیدا نەدەبوو. ئەوەی زمانەكەی لێرەدا دەوڵەمەند كردووە و گەیاندوویەتە ئەوپەڕی ناسكێتییەكەی، ئەو شێوە دەربڕینە شاعیرانەیە كە سینگە ناسك و سپییەكەی وەك كاغەز و مەرجانی بۆ دەكاتەوە. مەمكیشی وەك قەڵەمێك دەخاتە نێوان پەنجەكانیەوە. با لە دیمەنەكە وردتر ببینەوە.
وێكچوویی نێوان كاغەز و سینگ: هەر دووكیان سپی و ناسكن. هەردووكیان ڕێك و لووسن.
وێكچوویی نێوان قەڵەم و مەمك: قەڵەم مەرەكەبی تێدایە و مەمك شیر. شیر منداڵ پەروەردە دەكا و مەرەكەبی قەڵەم دێڕەكانی نووسین.
موتاڵاكردن: لە كۆندا چینی خوێندەواری كورد مەلاكانی نێو حوجرەكان بوو. ئەوانیش لە كاتی خوێندنێدا بەسەر كتێبەكانیاندا دەنووشتانەوە. خۆ وەك ئێستا نەبووە مێز و كورسیی تایبەتیان هەبێ و لە پشت كۆمپیتەر قیت و قنج دانیشن. ئەوان كتێبەكەیان دادەنا و لەسەر زگ ڕادەكشان و بەسەریدا دەنوشتانەوە و دەیانخوێندەوە.
دەبینین كێژێ لێرەدا ڕاستەوخۆ ناڵێ، لێت دەگەڕێم لەسەر سینگم درێژ بیت و بنووی. دەڵێ، وەك مەلای دوازدە عیلم لەسەری بكەیتەوە موتاڵایە.
موتاڵا، لایەنێكی دیكەشمان بۆ دەخاتە ڕوو. ئەویش ئەوەیكە، ئەو كەسەی شتێك دەخوێنێتەوە، دێڕ بە دێڕ لە نهێنییەكانی نێو نووسراوەكە دەگا و لێیان تێ دەگا. سەیر لەوەدایە كچە ناڵێم سینگمت بۆ دەكەم بە كتێب و بیخوێنەوە. دەڵێ: بۆت دەكەم بە كاغەزێكی مەرجان. نازانین ئەو كاغەزە لەسەری نووسراوە یان نا، بەڵام لەوبەری وشەكانەوە، شتێكی دیكەی تێدایە، ئەویش ئەوەیە. دەڵێ:
سینەم پڕە لە ڕاز و نهێنی و بە هەزاران قسەم پێیە. كە هاتیتەوە و بووینە هاوسەری ژیان، جا پریاسكەی دڵمت بۆ دەكەمەوە. ئەو كاتەیە دەبێ شەو هەتا ڕۆژێ كاغەزی پڕ لە ڕاز و نهێنیی سینەم بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی عیلمەكانت كامڵ بن.
لەو دێڕانەدا شتێكی دیكەشمان بۆ دەردەكەوێ، كیژێ، ناڕاستەوخۆ بە سوارۆ دەڵێ، هێشتا كرچ و كاڵی و دەبێ بێیتەوە لەسەر سینگ و مەمكی من پێ بگەی.
ڕەگەزێكی دیكەی شێعری لەو بەیتەدا زێدەبێژیی یان موبالەغەیە. موبالەغە یەكێكە لە ڕەگەزەكانی شێعر كە شاعیر لە وەسفێكی شاعیرانەدا پلەی پێداهەڵگوتن یان تەوسیف و تاریفەكە ئەوەندە بەرز دەكاتەوە یان ئەوەندەی دادەبەزێنێ لە ئەقڵ دەترازێ. لێرەشدا یاركۆڵێ كە باسی ناڵین و گریان و شیوەنەكانی و ئاخ هەڵكێشانی خۆی دەكا لە دوای ڕۆیشتنی سوارۆ دەڵێ:
“ئەوە كیژ دەرێ لە چرقەی دەروونی منی
قەلەندەری بابان ویران ئەوە ماسیان دەعبایان
نەهەنگان سەریان دێنا دەرێ لە گۆمی لەیل و پەڕێ
وەك من جەرگیان دەچۆقا لەی دەدانەوە شیددەتێ وێ گەرمایێ”
جا بیهێننە بەرچاوی خۆتان، دەبێ قرچە و شیوەنی دڵی ئەو كیژۆڵەیە چەندە بە تەوژم بووبێ كە لە تاوانی ماسی و دەعبا و نەهەنگان لە گۆم سەریان هێنابێتە دەرێ و خۆیان خستبێتە بە قرچەی خۆرەتاوێ و هەڵچۆقابێن و برژابێن.
لە ڕاستیدا بەیتبێژ تەنیا دەیەوێ بەو دەربڕینە ئاستی خەمەكەی و ڕادەی ئازار و ژانە دەروونییەكەی خۆیمان بۆ بخاتە ڕوو، كە دەكرێ بڵێین ئەگەر ئەو موبالەغەیەی نەكردبایە، ئێمە نەماندەزانی قووڵایی دەریای خەمەكەی چەندەیە و دەقەكەش ئەو هێز و دەوڵەمەندییەی نەدەبوو.
بەراوردكردنی بەیتی سوارۆ لەگەڵ سوارۆی ئایشێ گوڵ
بەیتی سوارۆ بە دوو شێوە گوتراوەتەوە. یەكێكیان ئەوەیانە كە مامۆستا عەلی كەردار گوتوویەتی و ئەوی دیكەیان ئەو بەیتەیە كە بە سوارۆی ئایشەگوڵ بەناوبانگە و من لە زمانی مامۆستا خدری قادری ناسراو بە خلەدەرزی بیستوومە. ئەو دوو بەیتە زۆر بەشی وەك یەك و لە هەمان كاتدا زۆر لایەنی لێك جیاوازیشیان هەیە كە لەم بەراوردكردنەدا دەمەوێ پەردە لەسەر ئەو دوو لایەنی وەك یەك و لێك جیاوازەیان هەڵبدەمەوە. سوارۆی عەلی كەردار بە پێچەوانەی سوارۆی ئایشەگوڵ بێژەرەكەی دیار نییە. چونكە لەو بەیتەیاندا كە خلەدەرزی دەیڵێتەوە ناوی هۆنەرەكەی دیارە كە كەسێكە بەناوی ئایشەگوڵ. ئەو دوو بەیتە یەك هەوێنیان هەیە، بە كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش و لێك جیاوازەوە كە لەپێشدا خاڵە هاوبەشەكانیان دەسنیشان دەكەین:
خاڵە هاوبەشەكانیان
هەر دووكیان سوارچاكێكە و دەچێتە سەفەری كاولە لەحسایێ. لە هەر دووكیاندا سوارۆ بەر لەوەی بكەوێتە ڕێ، دەچێتە لای نازدار حەیرانەكەی بۆ ماڵاوایی و داوای ماچی لێ دەكا، بەڵام ماچەكەی ناداتێ و لە هەردووكیاندا نازدار حەیرانەكەی سوارۆ قەول و بەڵێن دەدا ئەگەر سوارەكەیان بە سەركەوتوویی بێتەوە، دوگمەی سینگ و مەمانی بۆ دەترازێنن و لە بەهەشتی سینگ و مەماندا بەبێ هیچ بەرگێڕەوەیەك میوانی دەكەن. سوارۆی هەردووكیان دواجار دەپێكرێ و لەو سەفەرەیدا بە سڵامەتی ناگەڕێتەوە و نازدارحەیران ڕادەسپێرێ دوكتۆر و حەكیم و لوقمانان دەستی نەكەنێ هەتا بۆ خۆی دەگاتە سەر گەرمەبرینێ و دەرمان و مەڵحەمی بۆ دروست دەكا. هەردووكیشیان شێوە و كەرەستەی دەرمان دروستكردنەكەیان لە یەكتری دەچن. بە گشتی هەوێنەكەیان یەك شتە بەڵام جیاوازییەكانیان زۆر بەرچاوترن. جیاوازییەكانیش لە شێوەی گێڕانەوەی ڕووداوەكان و چۆنیەتیی سەفەرەكە و برینداربوونەكەدا بە زەقی خۆ دەنوێنن.
خاڵە جیاوازەكانیان
بەر لە هەر شتێك پێویستە بڵێم ئەودوو بەیتە لە شێوەی گوتنەوە واتە لە ئاوازەكەیاندا لێك جیاوازن. مامۆستا خلە دەرزی هەوای گوتنەكەی زۆر لە ئازیزێ نزیكترە بەڵام ئەو ئاوازەی عەلی كەردار سوارۆی پێ دەڵێتەوە، شێواز و ئاوازێكی دەگمەن و تایبەتە و تەنانەت لە گوتنەوەی سەربەندەكانیدا كە دەیانڵێتەوە و دووبارەیان دەكاتەوە و دەڵێ:
“هەی سوار…هەر…هەر…هەر…هەر…
وەرە سوار ئەمن بەتەنێم
ئۆهۆ…هۆ…هۆ…هۆ…هۆیش”
لە شێوەی گوتنەكەیدا تۆ هەست دەكەی بە پێی زرمەی پێی ئەسپ و هاوریتم لەگەڵ چوارناڵەی ئەسپی سوارەكەیدا هەناسەكانی بەرز و نزم دەبنەوە و بە تۆزێك وردبوونەوە لێی وا هەست دەكەی ئەوەی دەیڵێتەوە بە سواری ئەسپێك دەیڵێتەوە كە لە حاڵی چوارناڵە دایە. بەڵام ئەو جوانكارییە لە سوارۆی ئایشەگوڵدا نییە.
سوارۆی ئایشەگوڵ وەك سەربازێك جەلبی بەدوودا دەچێ واتە بەزۆری دەیبەنە شەڕێ، بەڵام سوارۆی عەلی كەردار وەك فەرماندەیەك دەچێتە شەڕێ. ئەوەتا ئایشەگوڵ ئاوا دەست پێ دەكات و دەڵێ:
“ئایشەگوڵم دەگوت خۆ من نەمدەزانی کە چووكەلە سواری من
هەر جەلبی بەدوودا دێ کە بڕواتەوە لە بۆ سەفەری دەكاولە لەحسایێ”
بەڵام سوارۆی توێژینەوەكەی ئێمە لە دەسپێكدا وەك فەرماندەیەك كە دەچێتە غەززە بە فەرمانی وەزیری ماڵ لەبەغدایێ وەڕێ دەكەوێ و لە لایەكی دیكەشەوە كیژ دەڵێ:
“بریا سوار ئەمن خەبەری تۆم بۆ هاتبا كوژرابایەی
ئەوە درابایە بەر وەدای شیر و خەنجەر و قەناران
نەوەك ئەتۆ هەڵاتبای و سەرێ كەحێلێ خۆت وەرگێڕابا
لە بەر هەزار و پێنج سەد سواران چونكە ئەمنت خەجاڵەت
دەكرد لە كن شەدە شل و شلومل و چاوبەكل و ناسك و نازداران
شەرت بێ هەتا سەری مانگێ مانگ نوێ دەبێتەوە
ئەمن نەتدەمێ یا لێت قەردێ دەكەم ماچ دمی دە زەرد هەناران”
لێرەدا كە ورد دەبینەوە لەو داوایەی كە پێی وایە ئەگەر سوار سەری كەحێلەكەی خۆی وەربگێڕێ لەبەر هەزار و پێنسەد سواران، ئەوا لەشكرەكەش دەشكێ و كیژێ خەجاڵەت دەبێ لە كن شەدەشل و شلومل و چاوبەكل و ناسك و نازداران.
پرسیارێك مەبەستەكەمان ڕوون دەكاتەوە. ئاخۆ لە نێو سوپایەكدا ئەگەر سەربازێك ببەزێ و ڕا بكا، لەشكرەكە دەشكێ؟ نەخێر، بەڵام ئەگەر فەرماندەكە سەری كەحێلەكەی خۆی وەربگێڕێ و پاشەكشە بكا، ئەوا لەشكریش بەدووی ئەودا تێك دەشكێت.
ئایشەگوڵ ئەوەندەی لەگەڵ خۆی دەدوێ هیچ لەگەڵ سوارۆی نادوێ. بەڵام كیژێ واتە سوارۆی عەلی كەردار هەر لە سەرەتاوە كە دوای ئەوەی ماچی ناداتێ، دەچێتەوە پێش چووكەلە سوارەكەی و زولفی خۆی لەبەر دەگێڕێ و مەمكی خۆی بۆ دەباتەوە تكایێ و ئیتر لەوێوە دەكەوێتە قسە لەگەڵیدا و جیا لەو گفت و بەڵێنانەی پێی دەدات، ئامۆژگارییشی دەكا و تەنانەت هەڕەشەشی لێ دەكا كە ئەگەر بێت و ببەزێ و سەر نەكەوێ ئەوا بێبەشی دەكا و تەنانەت ماچێكیشی ناداتێ. لەگەڵ ئەوەشدا بۆشی دەپاڕێتەوە كە دوور بێ لە ئەسپی ئەجەلێ و لە تیری پاژنوێژان و..
بە گشتی سوارۆی توێژینەوەكەی ئێمە جووڵەی زۆر تێدایە. بەپێچەوانەی سوارۆی ئایشەگوڵ كە بەشی هەرە زۆری مۆنۆلۆگە واتە قسەكردنە لەگەڵ خۆی، سوارۆی توێژینەوەكەی ئێمە دیالۆگی تێدایە و دەكرێ بەشێكیان بەشێوەی دراماتیكیش نماییش بكرێتەوە. ئەوەش لایەنێكی دیكەی بەهێزبوونی ئەو بەیتەیە.
بە گشتی بەیتی سوارۆی ئایشەگوڵ لەهجە و شێوەزاری ئەو ناوچەیەی زۆر پێوە دیارە كە بەیتبێژەكەی لێ ژیاوە بۆ وێنە ڕۆژی جومعە بەو شێوەیە دەڵێتەوە:”جوحمە”.
سوارۆی ئایشەگوڵ دەڵێ ئەمن ئاشقم زۆرن و كوێر بم ناگەنە مرادی دڵی خۆیان:
“ئەمن ئاشقی دەلەدنیایەم گەلەگەلێكی دەزۆرن
دەگ ڕەبی سەت هەزار جارانم كوێرایی بەچاوی دەئایشێ گوڵێ دا
شتەقیان بە دڵێكە خۆ ناگەنێ و…”
بەڵام كیژێ واتە سوارۆی عەلی كەردار هەر سوارۆی هەیە و لەوی زیاتر كەسی بە دەورەوە نییە یان لانیكەم باسیان ناكا.