ئێران سەرەڕای گوشاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی هەتا ئێستاش ملی بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئۆرانیۆمی دۆزراوە لە بنکە ئەتومییە ڕانەگەیەندراوەکانی ڕانەکێشاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی ڕۆژاوا نایانەوێ ئاژانس بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران دەر بکەن.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زمان چەند دیپلۆماتێکەوە ئاشکرای کردووە کە هۆی خۆبواردنی وڵاتانی ئورووپایی لە دەرکردنی بڕیارنامەی نوێ لە دژی ئێران بۆ بەردەوامیی دانوستانەکانی ئەم ماوەیەی ئەوان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە؛ لەبەر ئەوەی پێیان وایە وەها بڕیارنامەیەک ڕەوتی دانوستانەکان پەک دەخا.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتوم لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ ئێران هەتا ئێستاش لە وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی ئاژانس لەبارەی چالاکی ناوکی لە بنکە ئەتومییە نافەرمییەکانیدا خۆی بواردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پشکێنەرانی ئاژانس لەو بنکانەدا شوێنەواری ئۆرانیۆمیان دۆزیوەتەوە، کەچی ئێران نایەوێ لەو بارەیەوە هیچ بڵێ و ملی بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی ئاژانس نەداوە.
دەوری نوێی وتووێژە ئەتومییەکانی نێوان ئێران و ئەندامانی بەرجام وا بڕیارە کە لە حەوتووی داهاتوودا دەست پێ بکەنەوە.