بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەردانێکدا بۆ ئەمریکا و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکەی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل ئێزن نادا ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی کۆمەڵکوژیی.
ڕۆژی هەینی ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە سەردانێکی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ” لوید ئاستین” وەزیری بەرگریی ئەمریکا و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا گانتس، سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا وتی: ئیسرائیل، ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران دەبێتەوە و ئیزن بە ئێران نادا ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ و هاوتا ئەمریکاییەکەشی وتی: ئیسرائیل مافی خۆیەتی لە بەرانبەر هەڕەشەکان و هێرشەکانی ئێراندا بەرگریی لە وڵاتەکەی بکا.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا “لوید ئاستین” وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتی: ئەمریکا پشتیوانیی لە پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی ئیسرائیل دەکا و هاوکاری سەربازیی ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە “جەیک سالیوان” ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “بێنی گانتس” جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە ڕاگرتن و بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، گرینگترین خاڵی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.