خامنەیی بە ئاماژە بەوەیکە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا تاوانێکی گەورەیە، لە شانۆگەرییەکدا داوای لە شۆرای نیگابان کرد پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی بەربژێرانی سەرۆککۆماریدا بکا.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی هەینی١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی و لێهاتوویی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە وتی: لە کاتی ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی لە لایەن شۆرای نیگابانەوە مافی چەند بەربژێرێک پێشێلکراوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: داوا لە شۆرای نیگابان دەکەم کە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا بکا و هەروەها داوای لە خەڵک کرد بێ گوێدان بە کێشە ئابوورییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا بەشداریی بکەن و نابێ کێشە ئابوورییەکان خەڵک لە دەنگدان و هەڵبژاردن دڵسارد بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە پاش قسەکانی خامنەیی، شۆرای نیگابان لە وڵامی خامنەییدا و لە شانۆگەرییەکدا کە بارەکە لەسەر شانی خامنەیی هەڵگرێ ڕایگەیاند: هۆکاری ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی بەربژێرەکان نهێنییە و بۆ باسکردن نابێ.