هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بانە تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کورد کرد و لە ئاکامدا شۆفیرەکەیان کوشت.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە دەگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک گوندی “بلەکێ”ـی شاری بانە تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کورد کردووە و شۆفیرەکەیان بە ناوی “حوسێن فەرەجی” تەمەن ٦٣ ساڵ کوشتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەرەستەی قاچاخ تەقەیان لە ماشێنی حوسێن فەرەجی کردووە گیانی لەدەستداوە، تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی گوندی “ئارمەردە”ـی سەربە شاری بانه لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بەخاک سپێردراوە.
شایانی باسە کە، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢١ی زایینیدا، لانیکەم ١٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار کراون کە ٨٢لەسەدی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی ڕیژیمی ئێران بووە.