ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران و چوار وڵاتی دیکە تێچووی ئەندامەتیی خۆیان لە بودجەی ئەو ڕێکخراوەیە نەدەن، ئەوە مافی دەنگدانی گشتییان لێ دەستێنرێتەوە.
سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەی خۆیدا بۆ ” وێلکان بوورکز” بەڕێوەبەری کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی:” ڕیژیمی ئێران و چەند وڵاتی دیکەی ئەندام لەو ڕێکخراوەدا ئەگەر تێچووی ئەندامەتیی وڵاتەکەیان لەو ڕێکخرەودا نەدەن لە مافی دەنگدانی گشتیی بێبەش دەکرێن”.
بەپێێ مادەی ١٩ی مافنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وڵاتێکی ئەندام کە دوو ساڵ هەقی ئەندامەتیی نەدات، مافی دەنگدانی گشتیی لێ وەردەگیرێتەوە.
بەپێی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس، ڕێژیمی ئێران ١٦ میلیۆن و ٢٥١ هەزار دۆلار بەو ڕێکخراوە قەرزدارە.
محەممەدجەواد زەریف، ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا نەیهێشتووە ئەو پارەیەی ئێران کە لە کۆرەی باشوور بلۆکەکراوە ئازاد بکرێ و بتوانن هەقی ئەندامەتیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بدەن.