دەوری پێنجەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن پاش ٩ ڕۆژ وتووێژ ئێوارەی چوارشەممە بە بێ هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی پێهات.
هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپورتێکدا نووسی: پاش کۆتایی هاتنی بێ ئاکامی دەوری پێنجەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن، بەڕێوەبەران وڕێکخەرانی ئەم وتووێژانە بۆ دیاریکردنی کاتی دەسپێکردنەوەی دەوری شەشەمی وتووێژەکان تووشی کێشەبوون و دانیشتنی شۆرای نێونەتەوەیی ئاژانسی وزەی ناوکیی لەسەر پێشێلکارییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لە حەوتووی داهاتوودا بەڕێوەدەچێ.
ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە، ٢ڕۆژ پێش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بەڵگەگەلێکیان بەدەستهێناوە کە باس لەوە دەکا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی شاراوە لە سێ دامەزراوەی ڕانەگەیندراوی ناوکیی خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆمە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، دیپلۆماتەکان نیگەرانی ئەوەن کە دانیشتنی شۆرای ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، کێشە بۆ وتووێژەکانی داهاتوو دروست بکا و بۆیە ڕێککەوتی دانیشتنی دەوری شەشەمی وتووێژەکانیان دیاری نەکردووە.