کەشتیی بارهەڵگری”خارک” ی سەر بەهێزە دەریاییەکانی ئەرتەشی ئێران، پاش ئەوەی کە لە بەندەری جاسک بەهۆکاری نادیار ئاگری تێبەربوو لە ئاوەکانی بەندەری جاسکدا نوقم بوو.
بێهزاد جیهانیان بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی هێزەدەریاییەکانی ئەرتەش ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ” تەسنیم” وتی: ڕۆژی ڕابردوو کەشتیی بارهەڵگری خارک بەهۆکاری نادیار لە ئاوەکانی بەندەری جاسکدا تووشی ئاگرتێبەربوون بووە و پاش هەوڵێکی زۆر کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەک ئەو کەشتییە بارهەڵگرە نوقم بووە.
بەپێی ئەو راپۆرتە پاش هەوڵیکی ٢٠کاتژمیری بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکە و یارمەتیی گەیاندن بە کارمەندانی کەشتییەکە، لە ئاکامدا ئەو کەشتییە گەورە بارهەڵگرە نوقم بوو.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاندووە کە لەئاکامی ئاگرتێبەربوونی کەشتییەکە ٣٣کەس لە کارمەندان و بەڕێوەبەرانی کەشتییەکە برینداربوون.
جێگای ئاماژەیە کە ڕوودانی بەردەوامی ئاگرگرتنی کەشتییەکانی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا لە دەریای مەدیتەرانە و دەریای سووردا گومانی ئەوەی لەلای شڕۆڤەکارانی سیاسیی دروستکردووە کە ئەم ئاگرگرتنانە ئاکامی هەڕەشەکانی ئیرانە لە ئێسرائیل و بەپێچەوانەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو فڕۆکەوانی ئەرتەش بە ڕووداوی گومانای کوژران وڕۆژی ڕابردووش دەیان کۆگای نەوت و گازی ڕێژیم لە تاران ئاگریان تێبەربوو.