هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی شۆرای ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و ڕاوستانی وتوێژە ناوکییەکانی ویەن و ئەگەری دەرکردنی بڕیارنامە بە دژی ئێران، حەسەن ڕووحانی دەڵێ: پرسە سەرەکییەکانی وتووێژی ئێران و ئەمریکا لە ویەن چارەسەربووە.
حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا وتی: ئەمڕۆ پرسە سەرەکییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە ویەن چارەسەر بووە و تەنیا چەند خاڵێکی لاوکیی ماوە کە ڕێککەوتنی لەسەر بکەین و بە خوشحاڵییەوە دەوڵەتی ئێمە گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا.
ڕووحانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پاش ٨ ساڵ هەموو بەو ئاکامە گەیشتوون کە وتووێژ ڕێگا چارەیەکی دروستە و هیچ کەس پێشوازیی لە شەڕ ناکا.
ئەم قسانەی ڕووحانی لە کاتێکدایە کە هەموو شڕۆڤەکارانی سیاسیی دەڵێن: وتووێژەکانی ویەن بێ ئاکام ماوەتەوە و وتووێژەکان دواخراون.
هەرلەم پێوەندییەدا عەباس عێراقچی، بەرپرسی تیمی وتووێژە ناوکییەکانی ئێران لە ویەن، ڕۆژی چوارشەممە بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە وتووێژەکان گەیشتوونەتە شوێنێک کە هەمووان لەسەر ئەو باوەڕن کە کێشەکان چارەسەر دەبێ.
دیپلۆماتەکانی ئێران جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە وتووێژەکانی ویەن هیچ پێوەندییەکی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککوماری لە ئێراندا نییە بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە بەرپرسانی دەوڵەت دەیانهەوێت تا کۆتایی هاتنی دەوڵەتی ڕووحانی لەگەڵ ئەمریکا بگەن بە ڕێککەوتن.