ڕؤژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، وەفدێکی سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە سەرپەرستی بەڕێز زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە و هەروەها بەڕێوەبەرانی ئۆفیسی ئەو ڕێکخراوەیە لە باشووری کوردستان، سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازییان لێکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، خاتوو زەینەب موراد بە لێکدانەوەیەک لەبارەی بارودۆخی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەسەر مەترسییەکانی سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە هەڵوێستەی کرد و ڕایگەیاند کە، بەرژەوەندیی زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچە مەترسی و نیگەرانییەکانی بۆ سەر چارەنووسی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان زیادتر کردووە و تەنیا بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی نیشتمان دەتوانین دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا بپارێزین.
دواتر بەڕێز مستەفا مەلوودی، وێڕای بەخێرهاتنی وەفدی میوان، تایبەتمەندییەکانی مەسەلەی کورد لە پارچەکانی کوردستانی بەهۆی دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی جیاوازدا، خستە بەر باس و پێداگری کردە سەر ئەوەی کە ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی واقعبینانە لەلایەن سەرجەم هێزە کوردستانییەکان بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، پێویستییەکی مێژوویی ئەم قۆناخە هەستیارەیە.