پاش ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی ئەحمەدینەژاد لەلایەن شۆرای نیگابانەوە و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ناوبراوەوە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڕەشەی لێدەکا.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و لە کاردانەوە بە قسەکانی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، کە وتبووی وەزارەتی ئیتلاعات تۆمەتبارە بە کوشتنی خەڵک لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی، دور لە ڕاستی ناوبرد و وتی: کە ئەم قسانەی ئەحمەدینەژاد بۆ بەلاڕێدابردنی بیر و ڕای خەڵکی ئێرانە.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەو بەیاننامەیەدا بە تایبەتیی هەڕەشە لە ئەحمەدینەژاد و سەرجەم ئەو کەسانە دەکا کە دەیانهەوێت خەڵکی هان بدەن بۆ بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا.
ئەحمەدینەژاد، وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە کڵاوچی ناوبرد و وتی: لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا خەڵکی ناڕازییان کوشتووە و زۆربەی ئەو خەڵکەیان دەسبەسەر کردووە و تۆمەتبارن بە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان.