ئاژانسی ناوکیی: ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران ١٦ هێندەی ڕێککەوتنی بەرجامە.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی، ڕاپۆرتێکی گشتگیری خستە بەردەم ئەندامانی، کە باس لەو چالاکییە ناوکییەکانی ئێران دەکا، لە کاتی هەڵپەساردنی سەردانی لێکۆڵەرەکانی ئاژانس لەلایەن ئێرانەوە، ئەنجامدراوە.
سەرەرای ئەوە کە لە حەوتووی ڕابردوودا ڕژیمی ئێران و ئاژانسی ناوکیی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی، ڕێککەوتنی کاتیی نێوانیان لەسەر چاودێریی لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام باس لەوە دەکرێ کە لەم ماوەیەدا ئێران چالاکی شاراوەی لە چەند بنکەیەکی ناوکیی ڕانەگەیێندراودا هەبووە، کە بەرپرسیارێتییان وەئەستۆ ناگرێ.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسدا، هەروەها باس لە پێشلکارییەکی دیکەی ئێران کراوە و ڕایگەیاندووە: ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە ١٦ هێندەی ئەو ڕێژەیەی لە ڕێککەوتنەکە بۆی دیاریکراوە و لە ئێستادا سێ هەزار و ٣٢٤ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە.