هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس، ڕایگەیاند کە ئەمریکا نزیک ٢ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی کە ماوەی ڕابردوودا لە کەناراوەکانی بەندەری فۆجەیرەی ئیماراتدا دەستی بەسەردا گرتبوو، فرۆشتووە.
ئەو هەواڵدەرییە ڕۆژی دووشەممە ١٠ جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری دادستێنی ئەمریکاوە نووسی: کە ڕێژیمی ئێران بە تەما بوو، ئەو نەوتە وەک نەوتی خاوی سووکی بەسرە بفرۆشێت کە ئەمریکا دەستی بەسەردا گرت.
لەم ڕاپۆرتەدا بەپێی بەڵگەی قەزایی هاتووە کە دەوڵەتی ئەمریکا نەوتهەڵگری ئاشیلاسی بۆ تێگزاس گواستووەتەوە و زیاتر لە ٢ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئەو نەوتهەڵگرەی بە نرخی ١١٠ میلیۆن دۆلار فرۆشتووە.
پێشتریش هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێکی دیکەی نەوتی خاوی ئێران کە هەڵگری ١ میلیۆن و ٣٣ هەزار بەرمیل بووە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا گەیشتبووە کەناراوەکانی ئەمریکا و ئەو بارە دووهەمین هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵی ١٩٩١ی زایینییەوە بۆ ئەمریکا دێتە ئەژمار.
هەر لەم پێوەندییەدا مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بە فەرمی دەستیان بەسەر نەوتهەڵگریی ئاشیلاس بە ئاڵای لیبریا کە دەیهەویست بە شیوەیەکیی نایاسایی نەوت بفرۆشێ، داگرتووە و بەڵگەی قەزایی ئەو لەژێر ناوی یاسای پێوەندیدار بە تێرۆریزم لە دادگا تۆمار کراوە و ئەو بەڵگانە نیشان دەدەن کە سپای پاسداران ویستوویەتی ئەو نەوتە بە چین بفرۆشێ.