یووسی کۆهێن، بەرپرسی ڕێکخراوی مووساد لە ڕیوڕەسمی کۆتایی هاتنی دەورەی بەرپرسایەتییەکەی لەو ڕێکخراوەیەدا وتی: ئێمە توانیومانە بچینە نێو دڵی ئێرانەوە و بەرنامە شاراوە ناوکییەکانی ئەو رێژیمەمان ئاشکرا کردووە.
بەرپرسی ڕێکخراوی مووساد، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕێوەڕەسمی کۆتایی دەورەی ٥ساڵەی بەرپرسایەتییەکەی لەو رێکخراوەیەدا وتی: “ئێمە سەرەڕای ئەوەیکە توانیومانە بچینە نێو دڵی ئێرانەوە و زانیارییە شاراوەکانی ئەو ڕێژیمەمان خستووەتە ڕوو، بە کۆکردنەوەی زانیاریی دیوی شاراوەی ئەو رێژیمە گەندەڵەمان ئاشکرا کردووە و زەربەمان لە خۆبەزلزانینی بەرپرسانی رێژیمی ئێران داوە.”
کۆهێن بە ئاماژە بە هەوڵەکانی رێکخراوی مووساد لەهەمبەر بەدەستهێنانی بەڵگەنامە ناوکییەکانی ئێران لە یەکێک لە کۆگاکانی نزیک شاری تاران لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا وتی: ئەم کارەی دەزگای هەواڵگریی ئێمە، بەرنامە شاراوە سەربازیی و ناوکییەکانی رێژیمی ئێرانی ئاشکرا کرد و بە جیهانمان سەلماند کە ڕێژیمی ئێران، ڕێژیمێکی تێرۆریست، گەندەڵ و درۆزنە لە ئاستی جیهاندا.
هەر لەم پێوەندییەدا نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: کاتی خۆی “یووسی کۆهێن”مان وەکوو بەرپرسی ڕێکخراوی مووساد بۆ ڕاوەستانی رێژیمی ئێران دیاریکرد و لەم ئەرکەشدا زۆر سەرکەوتوو بووە و گرینگترین کارەکانیان لەو دەورەیەدا بەدەستهێنانی زانیارییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران، تەقاندنەوەی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز و کوشتنی موحسێن فەخریزادە، بەرپرسی بەرنامەی ناوکیی ئێران بووە.