بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە لە ڕاپورتێکی نوێدا، نیگەرانییەکانی خۆی لەهەمبەر هەبوونی دامەزراوەی ناوکیی ڕانەگەیێندراو و شاراوە لە ئێران دەربڕی.
هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکانی ڕافائێل گرووسی، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە لەهەمبەر هەبوونی دامەزراوەی ناوکیی شاراوە و ڕانەگەیێندراو لە ئێران، سەرچاو دیپلۆماتیکەکان لە ویەن ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە هیچ ڕێککەوتنێک و لەیەکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئێران لە دەوری پێنجەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن دەستەبەر نەکراوە.
ڕافائێل گرووسی لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا وتی: ئێران ١٦ هێندەی ڕێگەپێدارو ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆگا کردووە و بەردەوامە لە پیشێلکارییە ناوکییەکانی.
لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، بەرپرسی شاندی وتووێژی ناوکیی ئێران لە ویەن لە وتووێژێکدا لەگەڵ” خەبەر ئانڵاین” وتی: لە دەوری پێنجەمی وتووێژەکاندا نەگیشتووین بە هیچ ئاکامێکی دڵخواز و ئەو خاڵانەی کە کێشەیان لەسەرە وەکوو خۆیان ماونەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا دیپلۆماتە بیانییەکان ڕۆژی دووشەممە بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە کە تیمی وتووێژی ئێران لە ویەن، بڕیاراتی خامنەیی جێبەجێ دەکا و دەرفەتی هیچ جۆرە وتووێژێک لەگەڵ ئەو تیمەی ئێراندا نییە.