حەسەن خومەینی، نەوەی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بەوەیکە یەکێک لە بنەماکانی حکوومەت هەڵبژاردنە وتی: “حکوومەتێک کە ڕای گشتیی لە سەر نەبێ مەشروعییەتی نییە.”
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی جەماران، حەسەن خومەینی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە شوبهاندی ئازادی وەکوو یەکێک لە بنەماکانی دادپەروەری لە سیاسەتدا وتی: ئازادی بریتییە لەوەی کە ئەوەندی ئێوە مافی قسەکردنتان هەیە منیش ئەو مافم هەیە و یان ئەوەیکە ئەو مافەی ئێوە بۆ دەنگدان هەتانە منیش ئەو مافەم هەیە. بە گشتی مانای ئازادی واتا ئەگەر ئێوە ئەو مافەتان هەیە نوێنەری خۆتان بۆ سەرۆککۆماری هەڵبژێرن، منیش ئەو مافەم هەیە کە کەسی دڵخوازی خۆم هەڵبژێرم.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتنی توند لە شۆرای نیگابان لەهەمبەر ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری وتی: نابێ ئێوە بەربژێر دیاری بکەن و بڵێن وەرن دەنگی پێبدەن و ئێوە مافی هەڵبژاردنتان نییە.
حەسەن خومەینی، ڕوو بە بەربژێرانی سەرۆککۆماریی وتی: ئەگەر من بە جێگای ئێوە بووبام، دەستم لە کێبەرکێ هەڵدەگرت لەبەر ئەوەیکە هەر لە ئێستاوە دیارە کە کێ بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی دیاری کراوە.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مەهدی تائێب، برای حوسێن تائێب، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا بە هەڕەشەکردن لە حەسەن خومەینی وتبووی: “ئیمام خومەینی بە مونتەزێری کە تۆ نابی بە قوتابی قوتابییەکانی، وتووە کە بەهۆی ڕوانینت بۆ دەسەڵات و حکوومەتکردن، ئەگەر ببوایی بە ڕێبەری ئێران، ئێرانت دەخستە ژێر سیاسەتەکانی ئەمریکاوە.”